رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا زیاتر لە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، هاوتا ئۆکراینییەکەی دەیەوێت بگاتە رێککەوتن سەبارەت بە جەنگی ئۆکراینا.
سەرەڕای ئەو رەخنانەی لە شێوازی هەڵسوکەوت و سیاسەتی ئەم دواییەی دەگیرێن، ترەمپ هیچ ئامادەییەکی پێشان نەدا بۆ سەپاندنی گوشاری زیاتر بەسەر رووسیادا، بەڵکو ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئۆکراینا هەوڵی زیاتر بدات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
هەڵوێستی ترەمپ لەسەر پێشێلکردنی ئاگربەستی وزە
کاتێک رۆژنامەڤانێک پرسیاری لێکرد لەبارەی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە سەرەڕای ئەو ئاگربەستەی خۆی رایگەیاندبوو، ترەمپ گوتی: "باشە، دەبێت سەیری بابەتەکە بکەم و بەدواداچوونی بۆ بکەم، چونکە پێشێلکاری لە هەردوو لایەنەوە هەیە."
هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی چۆن بە نیازە پووتین رازی بکات پابەندی ئاگربەست بێت، گوتی: "پێموایە ئەو دەیەوێت بگاتە رێککەوتن، دەبێت ئێمەش وا لە زیلینسکی بکەین بیەوێت بگاتە رێککەوتن."
لە کاتی داواکردنی روونکردنەوە لەسەر ئەوەی بۆچی پێیوایە پووتین خوازیاری رێککەوتنە سەرەڕای بەردەوامیی هێرشەکان، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە لە رەخنەگرتن لە مۆسکۆ خۆی بەدوور گرت و گوتی: "پێموایە ئەوان دەگەنە رێککەوتن. تەنانەت پێموایە پووتین زیاتر لە زیلینسکی دەیەوێت بگاتە رێککەوتن."
داواکارییەکانی کیێڤ بۆ گەرەنتیی ئەمریکا
پێشتر لە رۆژی دووشەممەدا، زیلینسکی داوای لە ئەمریکا کردبوو گەرەنتیی پابەندبوونی رووسیا بەو ئاگربەستە بکات کە ترەمپ تەنیا بۆ کەرتی وزە رایگەیاندبوو.
زیلینسکی لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا لە کۆڕبەندی ئاسایشی وارشۆ رایگەیاند: "چاوەڕێ دەکەین ببینین ئەمریکییەکان ئامادەن چ هەنگاوێکی دیاریکراو بنێن." هەروەها روونیکردەوە کە راگەیاندنی ئاگربەستە دەستبەجێیەکەی رۆژی یەکشەممەی ترەمپ بۆ کیێڤ کتوپڕ بووە و پێشوەختە ئاگاداری ئەو بابەتە نەبوون کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە.
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەش کردبوو: "دەستبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی پۆستەکە، رووسیا هێرشێکی مەبەستداری کردە سەر وێستگەیەکی کارەبا لە خارکیڤ، ئەمەش زیانی زیاتری بە سیستەمی وزەی ئێمە گەیاند."


