رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سوودان رۆژی یەکشەممە بە پشتبەستن بە بەڵگەی فڕۆکە تێکشکاوەکان، داتاکانی گەشتکردن و تۆمارە سەربازییەکان، ئەسیوپیای تۆمەتبار کرد بەوەی کارئاسانی کردووە بۆ هێرشی درۆنی لە خاکەکەیەوە، کە لە نێوەڕاستی مانگی شوباتەوە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی سەتان کەسی سڤیل و سەرباز.
سوپای سوودان چەندین جار ئەسیوپیای بە هاوکاریکردنی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا (RSF) تۆمەتبار کردووە، کە لە مانگی نیسانی 2023ـەوە لەگەڵیاندا لە شەڕدان، لەوانەش لە رێگەی هێرشی درۆنییەوە کە لە نێو خاکی ئەسیوپیاوە ئاراستە کراون. لە بەرامبەردا ئەسیوپیا ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و لای خۆیەوە سوپای سوودان بە پاڵپشتیکردنی چەکدارانی سەر بە بەرەی رزگاریخوازی گەلی تیگرای (TPLF) تۆمەتبار دەکات، تۆمەتێک کە خەرتووم رەتی دەکاتەوە.
لە راپۆرتێکدا، ئەنجوومەنی سەروەریی راگوزەر کە لەلایەن سوپاوە سەرکردایەتی دەکرێت رایگەیاند، لە نێوان 15ـی شوبات و 27ـی تشرینی یەکەمدا 70 هێرشیان تۆمار کردووە، کە تێیاندا 187 درۆنی بۆمبڕێژکراو و 82 مووشەکی هاوێژراو لە درۆنەوە بەکارهێنراون. بەپێی راپۆرتەکە، لەو هێرشانەدا 484 کەسی سڤیل کوژراون یان بریندار بوون، هاوکات 176 سەربازی سوودانی کوژراون و 200 سەربازی دیکەش بریندار بوون.
راپۆرتەکە دەڵێت: "لە شوباتی 2026ـەوە، درۆنەکان لە خاکی ئەسیوپیاوە فڕیون... بۆ لێدانی شارەکان و خەڵکی سڤیلی سوودان." ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەکۆی هەڵدانی درۆنەکان لە فڕۆکەخانەی ئاسۆسا لە رۆژئاوای ئەسیوپیا، ناوچەی سنووریی کورموک-گیزێن و بنکەی ئاسمانیی باهیر دار لە هەرێمی ئەمهاڕا لە باکووری رۆژئاوای ئەسیوپیا جێگیر کراون.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، هەڵمەتەکە لە مانگەکانی رابردوودا چڕتر بووەتەوە، بە جۆرێک تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا 28 هێرش کراون و 97 درۆن بەکارهێنراون.
لە نێو خوێناویترین رووداوە ئاماژەپێکراوەکاندا، هێرشێکی 9ـی تشرینی یەکەم بووە بۆ سەر خێزانە ئاوارەکان لە ناوچەی وەد ئەلماحی لە هەرێمی نیلی ئەزرەقی سوودان لە نزیک سنووری ئەسیوپیا، کە بەهۆیەوە 30 کەسی سڤیل (26 ژن و چوار منداڵ) کوژران و 100 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها ئاماژەی بە هێرشێکی 19ـی تشرینی یەکەم لە خەرتووم کردووە کە بووەتە هۆی کوژرانی سێ منداڵ، لەگەڵ هێرشەکانی رۆژانی 26 و 27ـی تشرینی یەکەم کە شەش وێستگەی کارەبایان لەکارخست.
سوودان رایگەیاند کە سکاڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاشتی و ئاسایشی یەکێتیی ئەفریقا تۆمار دەکات، هاوکات بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی بەرگریکردن لە خۆی دەپارێزێت.
لە مانگەکانی رابردوودا، هەردوو لایەنی سوپا و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە شێوەیەکی بەرچاو پشتیان بەو درۆنانە بەستووە کە دەتوانن لە دووریی سەتان کیلۆمەترەوە ئامانجەکان بپێکن، بێ ئەوەی ژیانی چەکدارەکانیان بخەنە مەترسییەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە هەزار و 100 کەس لە هێرشە درۆنییەکاندا لە سەرتاسەری سوودان کوژراون.



