رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای گرووپی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان) لە یەمەن هۆشداری دەداتە ئەمریکا کە لە ئەگەری دەستوەردانی سەربازیدا وەڵامێکی "یەکجار بەئازار" وەردەگرن؛ هاوکات داوا لە کرێکاران و کارمەندانی سعودیە دەکات لە کێڵگە نەوتییەکان و فڕۆکەخانەکان دووربکەونەوە چونکە دەبنە "ئامانجی رەوا"ـی هێرشەکانیان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد بوخەیتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حووسییەکان رایگەیاند: "ئەگەر ئەمریکا بەشداری لەم دەستدرێژییەی سەر یەمەن بکات، هیچ دوودڵ نابین لە وەڵامدانەوەی؛ وەڵامەکەمان خێرا و بەئازار دەبێت و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە تەواوی ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج."
بوخەیتی هۆشداریی دایە کارمەندانی نێوخۆی سعودیەش و گوتی: "داوا لە تەواوی کرێکارانی نێو دامەزراوە نەوتییەکان و فڕۆکەخانەکانی سعودیە دەکەین لەو شوێنانە دووربکەونەوە، چونکە بە فەرمی بوونەتە ئامانجی هێرشەکانمان."
ئەم هەڕەشانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی شەممەی رابردوو، هێرشێکی درۆنی و مووشەکی کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز و بەهۆیەوە 13 کەس کوژران کە هاووڵاتییەکی ئەمریکیشیان لەنێودابوو، لەگەڵ برینداربوونی سەدان کەسی دیکە.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان، لەکاتی تەقینەوەکەدا ژمارەیەک حاجی لە هۆڵی چاوەڕوانیدا بوون و داروپەردووی گڕگرتووی بیناکە بەسەریاندا داڕماوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشەکەی بە "قبووڵنەکراو" وەسفکرد و ئاشکرای کرد کە بۆ تاوتوێکردنی بەشداریکردنی سەربازیی ئەمریکا، لەگەڵ محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە گفتوگۆ دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە ئەمڕۆ لە ریاز گوتی: "رووداوەکانی ئەم دواییە ژێرخان، دامەزراوەکان و خۆڕاگریی گەلەکەمانیان خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت؛ ئەم هەڕەشانە زۆر مەترسیدارن و دەبێت وەڵامەکەشمان بە هەمان ئەندازە جیدی و تووند بێت."
بەهۆی ئاڵۆزیی دۆخی ئەمنییەوە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریاز ئەمڕۆش بە داخراوی مایەوە. لە بەرامبەریشدا کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئیتیحادی ئیماراتی و گۆڵف ئێری بەحرەینی سەرجەم گەشتەکانیان بۆ سعودیە تاوەکو هەفتەی داهاتوو هەڵوەشاندەوە، هاوکات کۆمپانیای دێڵتای ئەمریکیش دەستپێکردنی گەشتەکانی بۆ ئەو وڵاتە دواخست.
باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و ئوسترالیا هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتییانیان کە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و گەشت بۆ ناوچە جیاوازەکانی سعودیە نەکەن.
.jpg&w=3840&q=75)


