رووداو دیجیتاڵ
پۆلیس پشتڕاستی کردەوە کە پیاوێک دوای ئەوەی لەلایەن پڵنگێکەوە لە پارکی ئاژەڵانی کێویی یۆرکشایر لە باشووری بەریتانیا هێرشی کراوەتە سەر، گیانی لەدەستداوە.
پۆلیسی باشووری یۆرکشایر رایگەیاند کە ئەمڕۆ شەممە، لە کاژێر 13:35ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی بەریتانیا ئاگادارکراونەتەوە سەبارەت بە چوونەژوورەوەی پیاوێک بۆ نێو شوێنی مانەوەی پڵنگەکان لە پارکەکەدا کە دەکەوێتە نزیک دۆنکاستەر. هێزەکە ئاماژەی بەوەش کرد، دواتر پڵنگەکە هێرشی کردووەتە سەر پیاوەکە و لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە.
هەروەها گوتیشی کە خێزانەکەی ئاگادارکراونەتەوە و لەلایەن ئەفسەرەکانەوە هاوکاری دەکرێن.
گوتەبێژێکی پارکەکە رایگەیاند: "زۆر خەمبارین بە رووداوە دڵتەزێنەکەی ئەمڕۆ. بیر و هاوسۆزیی قووڵمان لەگەڵ خێزان و ئازیزانی ئەو کەسەدایە کە گیانی لەدەستداوە."
هەروەها گوتی: "بە نزیکەوە لەگەڵ پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکەین و داواکارین لەم کاتە زۆر سەختەدا رێز لە تایبەتمەندیی کەسەکان بگیرێت. بەیانیش پارکەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە."
پۆلیس رایگەیاند، پڵنگەکە بریندار نەبووە، دوای رووداوەکە لەنێو شوێنەکەیدا ماوەتەوە و هیچ مەترسییەکی فراوانتر بۆ سەر خەڵک نەبووە.
پارکەکە چۆڵکراوە و ئەفسەرانیش لە شوێنی رووداوەکە ماونەتەوە.
هێزەکە ئەوەشی خستەڕوو: "ئاگاداری ئەو ڤیدیۆیانەین کە لە ئینتەرنێت بڵاودەبنەوە و هاندەری خەڵکین کە ئەو ڤیدیۆیانە بڵاونەکەنەوە."
پێشتر، پارکەکە لە راگەیێندراوێکدا کە لە وێبسايتەکەی بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند کە رێکارەکانی بەدەنگەوەچوونی فریاگوزاری "دەستبەجێ کاراکراون" و "لە نزیکەوە لەگەڵ دەسەڵاتداران کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی بەتەواوی چی روویداوە".
پارکی ئاژەڵانی کێویی یۆرکشایر لە ساڵی 2009 کرایەوە، بەشی "زەویی پڵنگەکان"ـیشی لە ساڵی 2011 کرایەوە.
ئەو ناوچە پارێزراوە دوو دۆنمییە کە بەتایبەتی دروستکراوە، ماڵی پڵنگەکانی جۆری (ئاموور)ـە، کە جۆرێکی مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە و تەنیا نزیکەی 500 دانەیان لە سرووشتدا ماونەتەوە.

