رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تازە ئاگاداری ئەو هێرشە بووە کە کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی سەرەکیی ریاز لە سعودیە و گوتی، "زۆر بەخێرایی" بڕیار لەسەر کاردانەوەی ئەمریکا دەدەن، بەتایبەتی سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردن لە هێرشەکانی سعودیە بۆ سەر حووسییەکان.
رۆژی شەممە 10-10-2026 لەکاتی بەڕێکەوتن بۆ ویلایەتی تێنەسی، ترەمپ لەبارەی ئەوەی ئایا بڕیاری داوە بەشداری لە هێرشەکانی سعودیە بۆ سەر حووسییەکان بکات، گوتی: "رەنگە بەشداری بکەین. سەیری دەکەین. تازە زانیمان کە هێرشێک کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی ریاز. بڕیار دەدەین و کاردانەوەمان زۆر خێرا دەبێت."
ئەمڕۆ شەممە چەکدارانی حووسی لە یەمەن بە مووشەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شاری ریازیان دا و باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا، کەنەدا، ئەڵمانیا و ئیسپانیا لە سعودیە داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە لە فڕۆکەخانەکە دووربکەونەوە.
لەلایەکی دیکەوە و لە بەشێکی قسەکانیدا، ترەمپ رەخنەی تووندی لە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گرت و بە هۆکاری بەردەوامیی جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا زانی. ترەمپ رایگەیاند، زیلینسکی دەیتوانی چەندین جار کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، بەڵام "ئەو بڕیاریداوە ئەوە نەکات" و رێککەوتن نەکات. هەروەها گوتیشی: "پێموایە کاتی ئەوە هاتووە ئۆکراینا سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت."
ترەمپ زیلینسکیی بە دروستکردنی کێشە بۆ جیهان و جووتیارانی ئەمریکا تۆمەتبار کرد و گوتی، ئەمریکا ئامۆژگاریی ئۆکراینای کردبوو هێرش نەکاتە سەر پاڵاوگەکانی رووسیا، چونکە رووسیا دابینکارێکی سەرەکیی سووتەمەنییە بۆ جیهان، بەڵام بە گوتەی ترەمپ، "زیلینسکی هەر هێرشی کردە سەریان، ئەو دەتوانێت هەرچی بیەوێت بیکات، بەڵام نابێت ئەو کارە بکات."
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکا، ترەمپ دووپاتیکردەوە، بێگومان ئەنجامەکان قبووڵ دەکات هەر پارتێک بیباتەوە، بەڵام بە مەرجێک "ساختەکاری" نەبێت و گوتی: "ئێمە ساختەکاریمان ناوێت."
لە کۆتاییشدا، ترەمپ رەخنەی لە پێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی گرت بە کەسێک کە، بە گوتەی ئەو، "هیچ کەسێک تاوەکو ئێستا ناوی نەبیستووە" و تەنیا ئەوەندەی دەزانێت کە "دژی ئیسرائیلە،" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ناڤی پیلای کە ئەم ساڵ خەڵاتەکەی وەرگرت. هەروەها گوتی: "شتێک لە نەرویج هەڵەیە."


