رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە بە کاتی ناوخۆ، لە شاری سان ئەنتۆنیۆ لە ویلایەتی تێکساس، لە کاتی گوتاردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لانیکەم 10 کەس بەهۆی دروستکردنی دەنگەدەنگ و پشێوی لە هۆڵەکە کرانە دەرەوە، لە کاتێکدا ترەمپ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی بەربژێری پارتەکەی سەردانی ئەو شارەی کردبوو.
لە کاتی گوتارەکەیدا، چەند جارێک کەسانێک هەستان و قسەکانی ترەمپیان بڕی، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی لایەنگرانی سەرۆک و تەنانەت لە چەند شوێنێک شەڕەدەستیش دروستبوو، تاوەکو پۆلیس دەستوەردانی کرد و کەسێکیان بە کەلەپچەکراوی بردە دەرەوە.
ترەمپ لەسەر سەکۆکەوە گاڵتەی بەو کەسانە دەکرد کە دەردەکران. دوای دەرکردنی یەکێکیان، رووی لە خەڵکەکە کرد و گوتی: "ئێستا ئەو دەگەڕێتەوە ماڵەوە بۆ لای دایکی، بەڵام ئەوەی نایزانێت ئەوەیە کە دایکی دەنگی بە ترەمپ داوە!"
هەروەها گاڵتەی بە کێشی لەشی یەکێکی دیکەیان کرد و گوتی "پێویستە زۆر لە کێشەکەی داببەزێنێت" و هەندێکی دیکەشی بە کەسانی "ناشیرین" وەسفکرد.
بۆچی ترەمپ ئەوەندە خەمی تێکساسیەتی؟
ئەمە سێیەمین سەردانی ترەمپ بوو لە ماوەی تەنیا یەک مانگدا بۆ تێکساس. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە پارتی کۆماری زۆر نیگەرانە لە دۆخی هەڵبژاردن لەو ویلایەتەدا. ویلایەتی تێکساس لە مێژە قەڵای سەرەکیی کۆمارییەکان بووە و هەمیشە بە ئاسانی بردوویانەتەوە.
بەڵام ئەمجارە، کێن پاکستن، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ ئەنجوومەنی پیران کەوتووەتە کێبڕکێیەکی زۆر سەخت لەگەڵ جەیمس تالاریکۆ، بەربژێری دیموکراتەکان.
مەترسییەکە لە چیدایە؟
لە هەڵبژاردنەکانی 3ـی تشرینی دووەمدا، ئەگەر کۆمارییەکان لە تێکساس بدۆڕێن، گورزێکی گەورەی سیاسییان بەر دەکەوێت و رەنگە زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لەدەستبدەن.
هەر بۆیە ترەمپ و جەی دی ڤانسی جێگری، هەڵمەتێکی بەرفراوانیان لەو ویلایەتە کۆنەپەرست و لایەنگرانەی خۆیان دەستپێکردووە تاوەکو رێگە لە سەرکەوتنی دیموکراتەکان بگرن.



