رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێک دەڵێ، فڕۆکەیەکی کۆمپانیای فلای دوبەی کە نزیکەی 150 سەرنشینی ئیسرائیلیی تێدابوو، لە کاتی گەشتەکەیدا لە دوبەیەوە بۆ تەلئەڤیڤ، ئاماژەی مەترسی و گومانی رفاندنی نارد، بەو هۆیەوە ئیسرائیل دوو فڕۆکەی جەنگیی بۆ چاودێریکردنی رەوانە کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکان، فڕۆکەکە کاژێر 7:05ـی بەیانی لە دوبەیەوە فڕیوە و بڕیار بووە 9:30 بگاتە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەلئەڤیڤ.
میدیای ئیسرائیل دەڵێ، دوای نزیکەی 90 خولەک لە فڕینی و کاتێک چووەتە نێو ئاسمانی ئوردن، فڕۆکەکە کۆدی 7700ـی ناردووە کە ئاماژەیە بۆ باری لەناکاو، دواتریش کۆدی 7500ـی ناردووە کە بۆ حاڵەتی دەستوەردانی نایاسایی و گومانی رفاندن بەکاردێت.
بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، دوای ناردنی ئەو کۆدانە، فڕۆکەکە ئاراستەکەی گۆڕیوە و بە خێرایی گەڕاوەتەوە نێو ئاسمانی سعودیە و لە بەرزاییەکی کەمتردا فڕیوە.
میدیای ئیسرائیل دەڵێ، دوای رووداوەکە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنییان رێکخست. دوو فڕۆکەی جەنگیی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەپەلە رەوانە کران بۆ ئەوەی یاوەریی فڕۆکەکە بکەن تاوەکو هۆکاری ناردنی سیگناڵەکان روون دەبێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسێکی ئەمنیی ئیسرائیل دڵنیایی داوە، رووداوەکە مەرج نییە رفاندن بێت و گوتوویەتی: "هیچ زانیارییەکی یەکلاکەرەوە لەسەر روودانی رفاندن نییە. تەنیا ئەوەیە کە فڕۆکەوانەکە سیگناڵی باری لەناکاوی کارپێکردووە."

