رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئاگادار لە دانوستاندنەکان بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، نێوەندگیرەکانی قەتەر رۆژانی دووشەممە و سێشەممە لە نیویۆرک بە جیا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی ئەمریکی کۆدەبنەوە.
سەرچاوەکە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی ئاماژەی بەوە کردووە، چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان سەرنج بخەنە سەر تاوتوێکردنی دەستکاریکردن و هەموارکردنی ئەو پێشنیازە حەوت رۆژییەی کە ئێران هەفتەی رابردوو لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان خستیەڕوو.
ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا) رایگەیاندووە، عێراقچی لەگەڵ نێوەندگیرە قەتەرییەکان لە نیویۆرک کۆدەبێتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشنیاز و دیدگەکان لەبارەی دۆخی ناوچەکە.
پلانی حەوت رۆژییەکەی تاران چییە؟
پێشنیازەکەی تاران داوای راگرتنی سەرجەم کردەوە سەربازییەکان لە ئێران و لوبنان دەکات، هاوکات لەگەڵ ئازادکردنی ملیاران دۆلار لە سەروەتە سڕکراوەکانی ئێران، هەڵگرتنی سزاکانی واشنتن لەسەر کەرتی نەوت و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران لەلایەن کەشتیگەلی ئەمریکاوە.
لە بەرامبەر ئەم هەنگاوانەدا، تاران رێگە بە کردنەوەی تەواوەتیی تەنگەی هورمز دەدات و هەردوو وڵات دانوستاندنەکان لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران دەستپێدەکەنەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە بە ئاشکرا رەتیکردەوە بە پێشنیازەکەی تاران رازی بێت و رایگەیاند، ئێران لەژێر گوشاری قورسی ئابووریدایە و هەر بۆیە پەلەیەتی لە رێککەوتن، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە لە بە ماڵپەری ئەکسیۆسی راگەیاند، پێشبینی دەکات دانوستاندنکارانی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا بچنە نێو گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد کە نێوەندگیرەکان بە فەرمی رەتکردنەوەی پێشنیازەکەیان لەلایەن ئەمریکاوە پێنەگەیاندوون و تاران هێشتا چاوەڕوانی وەڵامی کۆتایی واشنتن دەکات بۆ بڕیاردان لەسەر هەنگاوەکانی داهاتووی.

