رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی دژەتیرۆری بەریتانیا لێکۆڵینەوە لە رووداوێکی ئەمنیی گەورە لە نزیک بنکەی ئاسمانیی فەیرفۆرد لە باشووری رۆژئاوای ئینگلتەرا دەکات، دوای ئەوەی پێنج پیاو بە گومانی "ئامادەکاری بۆ کردەوەیەکی تیرۆریستی" دەستگیرکران؛ ئەو بنکەیە لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێت.
چۆن دەستگیرکران؟
پۆلیسی لەندەن لە راگەیێندراوێکدا باس لەوە دەکات، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ هێڵی فریاکەوتن لەبارەی سێ ئۆتۆمبێلی گوماناوی کە بەرەو بنکە ئاسمانییەکە دەڕۆیشتن، هێزە چەکدارەکانی پۆلیس چوونە شوێنەکە و ئەو پێنج کەسەیان دەستگیرکرد.
ژنێکی دانیشتووی گوندێکی نزیک لەوێ دەڵێت، سێ ڤانی بینیوە کە رێگەکەیان گرتبوو و چەندین پیاوی دەمامکداریان تێدابوو؛ دوای ئەوەی پۆلیسی بنکە ئاسمانییەکە وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە، دەستبەجێ پەیوەندیی بە هێڵی فریاکەوتنی 999ـی پۆلیسەوە کردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە.
ترەمپ چی گوت؟
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت ئەو کەسانە "بە نیازی نانەوەی زیانێکی گەورە بوون" لە بنکەی فەیرفۆرد. ترەمپ گوتی: "ئێمە ماوەیەکی زۆر بوو چاودێریمان دەکردن و لە کۆتاییدا دەستگیرمان کردن"، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا و بەریتانیا پێکەوە لەسەر ئەم دۆسیەیە کاریان کردووە.
چۆڵکردنی گوندێک و گەڕان بە دوای تەقەمەنیدا
پۆلیس بۆ پاراستنی سەلامەتی، نزیکەی 85 ماڵی لە گوندی وێلفۆرد لە نزیک بنکەکە چۆڵکرد و دانیشتووانەکەی بۆ هۆڵێکی وەرزشی گوێزرانەوە. هەروەها تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی بۆمب بە رۆبۆتی تایبەتەوە پشکنینیان بۆ هەر سێ ڤانەکە کرد و ناوچەیەکی ئەمنیی داخراو بە دووریی 400 مەتر بە دەوری شوێنەکەدا دروستکرا.
کاردانەوەی حکومەتی بەریتانیا
گوتەبێژی حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند کە ئاندی بێرنەم، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە وردەکاریی رووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە. هەروەها وێس ستریتینگ، وەزیری بەرگریی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکادا لە پەیوەندیدایە، بەڵام گوتی، دەستنیشانکردنی ئەوەی ئایا ئێران دەستی لەم رووداوەدا هەبووە یان نا، کارێکی نابەرپرسانەیە پێش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان.
بۆچی ئەم بنکەیە هەستیارە؟
بنکەی فەیرفۆرد لە بەریتانیا لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێت و پێشتر رێگە درابوو کە فڕۆکە ئەمریکییەکان لەو بنکەیەوە هێرش بکەنە سەر پێگە مووشەکییەکانی ئێران.
ئەم رووداوەش لە کاتێکدایە کە نیگەرانیی زۆر لە بەریتانیا هەیە لەبارەی چالاکیی نهێنیی وڵاتانی نەیار؛ بە جۆرێک راپۆرتە نوێیەکان ئاشکرایان کردووە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 300 جار لە رێگەی درۆنەوە چاودێری یان هێرش کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا.



