رووداو دیجیتاڵ دەنگی رێزمان و مۆزیکی زمانی کوردی، دیوارە بەرزەکانی چینی بڕی و بۆ یەکەمجار لە مێژووی وڵاتەکەدا، بەشێکی ئەکادیمی بۆ خوێندنی زمانی کوردی کرایەوە. زانکۆی بەیژینگ بۆ خوێندنە بیانییەکان (BFSU)، کە بە کارگەی بەرهەمهێنانی دیپلۆماتکارانی چین ناسراوە، زمانی کوردی وەک 101ـەمین زمانی زیندووی جیهان خستە نێو پرۆگرامەکانی خوێندنییەوە. لە یەکەمین پۆلی ئەم بەشەدا، 11 خوێندکاری چینی بۆ ماوەی چوار ساڵ نەک تەنیا زمان، بەڵکو کەلتوور، مێژوو و جوگرافیای کوردستانیش دەخوێنن. شیرین (Xueqing)، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی پرۆگرامەکە، رایگەیاند: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە ئەم خوێندکارانە لە داهاتوودا ببنە پردێکی زیندوو لە نێوان چین و هەرێمی کوردستان." کردنەوەی ئەم بەشە، کە بەرهەمی 10 ساڵ هەوڵی ئیداری و توێژینەوەیە، بە هەماهەنگیی زانستی لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر ئەنجام دراوە. ستافی وانەبێژان لە دوو مامۆستای چینی و مامۆستایەکی کورد پێکدێت. زیاد فەرەج، مامۆستای کوردی لە بەشەکە، سەبارەت بە ئاستی خوێندکارەکان گوتی: "ئەوەی سەرنجی منی راکێشاوە، زیرەکی و پەرۆشیی ئەم خوێندکارە چینییانەیە. هێشتا دوو هەفتە تێنەپەڕیوە، بەڵام پێشکەوتنێکی سەرسوڕهێنەر دەبینم." چاودێران کردنەوەی ئەم بەشە وەک هەنگاوێکی ستراتیژیی چین بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینن. پەکین دەیەوێت کادرەکانی لەسەر خاکی خۆی فێری زمان و دابونەریتی کوردی بکات، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا راستەوخۆ و بێ وەرگێڕ دانوستان لەگەڵ کورد بکەن. خوێندکارانیش پەرۆشیی خۆیان بۆ فێربوونی ئەم زمانە نوێیە نیشان دەدەن. نەورۆز، یەکێک لە خوێندکارەکان، دەڵێت: "زۆر دڵخۆشم لە بەشی کوردی دەخوێنم. کوردی زمانێکی زۆر دەوڵەمەند و جوانە و هیوادارم رۆژێک سەردانی کوردستان بکەم." سەرەڕای ئەوەی بەشێکی نوێیە، بەشی زمانی کوردی لە یەکەم ساڵیدا پێشوازییەکی بەرچاوی لێکراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا خواستی زیاتری لەسەر بێت.
جیهان23-09-2026سەرۆکی چین سەردانی ئەمریکا دەکات؛ کۆنگرێس لەبارەی ژیریی دەستکرد و هەڵوێستی ترەمپ دابەشبووە