رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لەوەى سستمی خێزانی نەریتی رووبەڕووی هێرش و پەلامارێکی جیهانی بووەتەوە کە لە رێگەی سیاسەتەکانی جێندەرییەوە جێبەجێ دەکرێ.
ئەردۆغان لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک رایگەیاند: "سیاسەتەکانی جیهانیی جێندەری بوونەتە گەمارۆیەک کە منداڵانی بێتاوان و خێزان دەکەنە ئامانج".
سەرۆککۆمارى تورکیا گوتی: "تەنیا لە رێگەی پاراستنی خێزانەوە کە لە ژن و پیاو پێکدێ، دەتوانین ئەم گەمارۆیە بشکێنین"؛ گوتیشی، سەرەڕای هەوڵی لۆبییەکان، تورکیا بەردەوام دەبێت لە پێشخستنی هەنگاوەکان بۆ پاراستنی خێزان و منداڵان.
لێدوانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتێکدایە، لە 13ی ئەیلوولدا تورکیا هەڵمەتێکی فراوانی دژی هاورەگەزخوازان و دەستپێکرد و فەرمانی گرتنی بۆ 162 کەس دەرکرد. حکومەتی تورکیا ئامانجی ئەو هەڵمەتەی بۆ "پاراستنی منداڵ و خێزان" گەڕاندەوە.
تورکیا لە (پەیماننامەی ئیستەنبووڵ) کشاوەتەوە کە پەیماننامەیەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و تووندوتیژیی خێزان. هۆکاری کشانەوەکەش لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بەوە لێکدراوەتەوە کە مادەکانی ئەو پەیماننامەیە هاندەرن بۆ سیاسەتیی جێندەری و رێگە بۆ ناسنامەی جێندەریی جیاواز خۆش دەکەن، کە بە گوتەی بەرپرسانی وڵاتەکە، هەڕەشەن بۆ سەر بناخەی خێزان.


