رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لە گوتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، حکومەتەکەی لە پەیوەندییە فەرمییەکاندا ناوی "ژیری دەستکرد" بۆ "ژیری باڵا" دەگۆڕێ.
ترەمپ لە گوتارەکەیدا گوتى، وشەى "دەستکرد" کەمتر لە قەبارەی راستیی تەکنەلۆژیاکە دەردەخات و هیوای خواست وڵاتانی دیکەی جیهانیش هەمان ناو بەکاربێنن و گوتی: "ئەمە زۆر باشتر دەبیسترێ، زۆر باشترە و زۆریش وردترە."
سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکانی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانى لەبارەى مەترسییەکانی ژیری دەستکرد رەتکردەوە و بەراوردی کردن بەو هۆشدارییانەی پێشتر لەبارەی گۆڕانی کەشوهەواوە دەدران.
ترەمپ گوتی: "ئەمریکا هەر هەوڵێکی پلان بۆ دارێژراوی جیهانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ژیری باڵا رەت دەکاتەوە... هەموو تەکنەلۆژیایەکی نوی تەنگژەی خۆی هەیە. ژیری باڵاش لەمە بەدەر نییە."
پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرکردەی زیاتر لە 20 وڵات (کە زۆرینەیان ئەورووپین) داوای بنەمای سەلامەتیی تووندیان بۆ ژیری دەستکرد کرد و هۆشدارییان دا لەوەى خێرایی گەشەسەندنی ئەم تەکنەلۆژیایەیە لە توانای مرۆڤ بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاترە. سەرەڕای ئەوەی چین و ئەمریکا وەک دوو زلهێزی تەکنەلۆژیا پشتگیریی ئەو هەنگاوەیان نەکرد، بەڵام کۆمپانیا گەورەکانی بوارەکە خۆیان داوای هاوئاهەنگی جیهانی دەکەن.
ئەم گۆڕینی ناوهێنانە درێژەپێدانی زنجیرەیەک گۆڕینی ناوی فەرمییە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە، کە ساڵی رابردوو بە فەرمانێکی کارگێڕی ناوی (کەنداوی مەکسیک)ی گۆڕی بۆ (کەنداوی ئەمریکا) و لە مانگی ئابیشدا لە میانی کێبڕکێیەکی بازرگانیدا لەگەڵ کەنەدا، ناوی (دەریاچەی ئۆنتاریۆ)ی ناونا (دەریاچەی ئەمریکا).
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئەمریکا و چین کردووە گفتوگۆیەکی هاوبەش لەسەر داهاتووی ئەم تەکنەلۆژیایە دەستپێبکەن، هاوشێوەی ئەو دیپلۆماسییەی لە لووتکەی جەنگی سارد لە نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت هەبوو.
چین و ئەمریکا لە گفتوگۆدان بۆ دروستکردن و دابینکردنی کەناڵێکی پەیوەندیی تایبەت بە مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد، پێش ئەوەی ترەمپ و شی جینپینگ، رۆژی پێنجشەممە لە لووتکەیەکدا لە واشنتن کۆ ببنەوە.



