رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لە گوتارێکدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند، لە بەردەم بڕیارێکی یەکلاییکەرەوەدایە؛ یان ئەوەتا راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێس لەگەڵ ئێران دەگاتە رێککەوتن یان "بە تەواوی لەناوی دەبات و دەیخاتە نێو دۆزەخەوە بەبێ ئەوەی هیچ چانسێکی مانەوەی بۆ بمێنێتەوە."
ترەمپ لە دەستپێکی بەشە سەرەکییەکەی گوتارەکەیدا باسی لە جەنگی ئێران کرد و گوتی: "ئێران گەورەترین پشتیوانی تیرۆرە لە جیهاندا. ئێران پێشتر هێزێکی زۆردار بوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام چیدیکە وا نییە. ئێمە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ساڵی 2025ـدا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان بە تەواوی سڕییەوە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆفەری هاوکاریی ئابووریی پێشکێشی تاران کردووە لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و راگرتنی پشتیوانی لە "تیرۆر"، بەڵام سەرکردەکانی ئێران رەتیانکردەوە و گوتیشی: "ئەمە هەڵەیەکی یەکجار گەورە بوو لەلایەن ئەوانەوە."
دۆخ دوای هەڵبژاردنی کۆنگرێس
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە کەشتیگەلی دەریایی ئەمریکا لەم ماوەیەدا پاسەوانیی لە تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک ملیار بەرمیل نەوت بە تەنگەی هورمزدا کردووە، داوایشی لە وڵاتانی جیهان کرد بەشدار بن لە سەپاندنی گەمارۆی ئابووریی تەواوەتی بەسەر ئێراندا.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "لەبەردەم بڕیارێکی گەورەدام سەبارەت بە ئێران؛ ئایا رێککەوتنێکی لەگەڵ دەکەین کە رێگەی پێبدات ببێتە وڵاتێکی زۆر مەزنتر یان بە تەواوی بیخەینە نێو دۆزەخەوە بەبێ هیچ چانسێکی مانەوە بۆ نەوەکانی داهاتووی؟ بڕوام وایە راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی لە مانگی تشرینی دووەمدا، دەگەینە رێککەوتن."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئێران چاوەڕێی ئەنجامی من دەکات لە هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێس، بەڵام ئەوەی تێی ناگەن ئەوەیە کە من خۆم بەربژێر نیم لەو هەڵبژاردنەدا. بە شێوازێک لە شێوازەکان، کۆتایی بە دۆسیەی ئێران دەهێنین."
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا؛ "زووتر لەوەی بیر دەکەنەوە کۆتایی دێت"
لە تەوەرێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینیی خۆی بە کۆتاییهاتنی خێرای جەنگی رووسیا و ئۆکراینا دەربڕی و گوتی: "ئێمە زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ سەرکردەکانی رووسیا و ئۆکراینا کار دەکەین و ئەو کارەش تەواو دەکەین. پێم وایە زۆر خێراتر لەوەی خەڵک پێشبینی دەکات جەنگەکە کۆتایی دێ. کاتی ئەوە هاتووە کوشتار رابگیرێت."
ترەمپ باسی لە ئاسایشی ئەمریکای باکوور و ناوچەی جەمسەری باکوور کرد و رایگەیاند، رێگە بە هیچ هێزێک نادەن لە نیوەگۆی رۆژئاوای زەویدا جێپێی خۆی بکاتەوە و گوتی: "رێگە بە هیچ لایەنێکی دووژمنکار نادەین لە گرینلاند هەبێت و هەوڵی پەرەپێدانی سەربازیی خۆیشمان لەوێ دەدەین. هەر ئەمڕۆش رێککەوتننامەی تایبەت بە گرینلاند واژۆ دەکەین و دوو بنکەی سەربازیی یەکجار گەورە لەو دوورگەیە دروست دەکەین."
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی کووباش قسەی کرد و گوتی: "کووباش بەم زووانە دەکەوێ."
سوپای ئەمریکا و هێرش بۆ سەر چەپی تووندڕۆ
دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا ئێستا بەهێزترینن لە جیهاندا و گوتی: "بە پێچەوانەی ئەوەی ترسنۆک و خیانەتکاران دەیڵێن، ئێمە لەوە زیاتر کۆگای سەربازیمان هەیە کە پێویستمانە. بەم زووانە 18 کارگەی گەورەی بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنی لەلایەن گەورە کۆمپانیاکانی بەرگریی جیهانەوە دەکرێنەوە تاوەکو پێداویستیی خۆمان و هاوپەیمانەکانمان دابین بکەین."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد لەو کاتەوەی پۆستەکەی وەرگرتووەتەوە هەشت شەڕی لە جیهاندا کۆتایی پێهێناوە، لەوانەش کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززە و رزگارکردنی ژیانی هەزاران کەس.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە هەموو وڵاتان کرد دەستبەجێ لە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی بکشێنەوە، هاوکات هێرشی کردە سەر نەتەوە یەکگرتووەکان و گوتی: "پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەرداری سەپاندنی ئەجێندای چەپی تووندڕۆ بێت کە لەلایەن بیرۆکراتە هەڵنەبژێردراوەکانەوە بەڕێوەدەبرێ."
سەرۆکی ئەمریکا تانەی لە هۆشداریدەرانی گۆڕانی کەشوهەوا دا و گوتی، "ئەوانەی دەیانگووت بە گەرمبوونی زەوی دەمرین، هەمان ئەو کەسانەن کە ئەمڕۆ لە مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد دەمانترسێنن".
"ژیریی باڵا لە شۆڕشی پیشەسازی و ئینتەرنێت گەورەتر دەبێت"
سەبارەت بە پێشبڕکێی تەکنەلۆجیا و گۆڕینی چەمکی ژیریی دەستکرد بۆ "ژیریی باڵا"، دۆناڵد ترەمپ گوتی: "پێویستە ئەمەتان لە یاد بێت؛ هەرکەسێک لە پێشبڕکێی ژیریی دەستکرددا بباتەوە، یان وەک ئێستا دەڵێم: هەرکەسێک لە پێشبڕکێی ژیریی باڵادا بباتەوە، هەموو شتێک دەباتەوە و ئەو لایەنەیە کە سەردەکەوێت."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە باڵادەستیی تەکنەلۆجیی وڵاتەکەی کردەوە و گوتیشی: "ئێستا ئێمە بە جیاوازییەکی یەکجار زۆر لە پێش چین و وڵاتانی دیکەوەین. لەسەر ئەو پێشەنگییەش بەردەوام دەبین و پێگەکەمان بە بەهێزی دەپارێزین. من بە هیچ شێوەیەک رێگری لە گەشەکردنی شتێک ناکەم کە لە شۆڕشی پیشەسازی گەورەتر دەبێت. زۆر کەس هەن دەڵێن ئەم تەکنەلۆجیایە تەنانەت لە شۆڕشی پیشەسازی و لە ئینتەرنێتیش گەورەتر دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین."



