رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان تیشکی خستە سەر گەرمترین پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان و رایگەیاند، بەبێ بەشداریکردنی وڵاتەکەی لە سیستمی ئەمنیدا، ئەورووپا ناتوانێت پارێزراو بێت؛ هاوکات داوای گوشاری زیاتری لەسەر ئیسرائیل کرد و داوای لە وڵاتانی جیهانیش کرد دان بە سەربەخۆیی قوبرسی باکووردا بنێن.
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا گوتی: "ئەورووپایەک کە تورکیا لە تەلارسازیی ئەمنیی خۆی دووربخاتەوە، بە روونی دەیڵێم: بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ بەهێزتر یان پارێزراوتر بێت. ئێمە لەسەر بنەمای ئەم دیدگە ستراتیژییە داهاتووی خۆمان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپادا دادەڕێژین و چاوەڕوانی هەمان دیدگەش لە یەکێتییەکە دەکەین."
پرسی فەلەستین و ئاوەدانکردنەوەی غەززە
لە بەشێکی سەرەکیی گوتارەکەیدا، ئەردۆغان باسی لە پرسی فەلەستین کرد و گوتی: "بە پشتیوانیی خودا، رۆژانی باش دەبینین کە تێیدا دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین لەسەر بنەمای سنوورەکانی 1967 بە یەکپارچەیی خاک و بە پایتەختبوونی رۆژهەڵاتی قودسەوە دادەمەزرێ."
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: "دەبێت بە زووترین کات دەست بە ئاوەدانکردنەوەی غەززە بکرێ. داواتان لێدەکەم گوشاری زیاتر بخەنە سەر ئیسرائیل؛ با هەمووان ئەوە بزانن کە هەوڵەکان بۆ خنکاندنی دەوڵەتی فەلەستین سەرکەوتوو نابن."
ئەردۆغان هەروەها گوتی: "منداڵانی غەززە دەبێت پارێزراو بن. کاتێک منداڵانی فەلەستین سەیری ئاسمان دەکەن، دەبێت فڕۆکەی کاغەزی ببینن نەوەک فڕۆکەی جەنگی و درۆن؛ هاوکات منداڵانی لوبنانیش نابێت لە نیوەشەودا بە دەنگی بۆردوومان خەبەریان ببێتەوە."
هاوپەیمانیی مەککە و رێگری لە تەشەنەسەندنی شەڕ
سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداری دا لەوەی پەرەپێدانی شەڕ و پێکدادانەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە، هاوکات تیشکی خستە سەر (هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە) و گوتی: "لە رێگەی ئەم هاوپەیمانییە بەرگرییەی کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتیی ناوچەیی دامەزراوە، هاوسۆزیی نێوانمان بەهێزتر دەکەین و ئامانجمان ئەوەیە کێشەکانی ناوچەکە لە ناوچەکە چارەسەر بکرێن."
رێککەوتنی مەککە رێککەوتنێکی بەرگریی هاوبەش و سێ قۆڵییە، کە لە 7ـی ئابی 2026 لە شاری مەککە لەلایەن سەرکردەکانی هەرسێ وڵاتی سعودیە، تورکیا و پاکستانەوە واژۆ کرا.
بەپێی ئەم رێککەوتنە، هەر جۆرە هێرشێکی سەربازی بۆ سەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر هەرسێ وڵات هەژمار دەکرێ.
داواکاری بۆ ناساندنی قوبرسی باکوور
لەبارەی دۆسیەی قوبرس، ئەردۆغان داوای کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی سەر کۆماری قوبرسی باکوور ناسراو بە قوبرسی تورکیای کرد و گوتی، "دەبێت یەکسانیی سەروەری و پێگەی نێودەوڵەتیی یەکسان بۆ گەلی قوبرسی تورک بە فەرمی بناسرێ. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم دان بە کۆماری قوبرسی تورکیدا بنێن و پەیوەندیی سیاسی، دیپلۆماسی و ئابووری لەگەڵدا دروست بکەن."
هەروەها بۆ کێشەکانی دەریای ئیجە و رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست، ئەردۆغان داوای کرد ناکۆکییەکان لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و یاسا نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بکرێن و پێشنیازی ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی تایبەتی بۆ رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست کرد.
جەنگی ئۆکراینا، تەنگەی هورمز، سوودان و کشمیر
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆککۆماری تورکیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر چەندین دۆسیەی نێودەوڵەتی خستەڕوو.
سەرۆککۆماری تورکیا هیوای خواست جەنگی رووسیا و ئۆکراینا بە جۆرێک کۆتایی بێت کە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا پارێزراو بێت، هەروەها جەختی لە گرنگیی پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمزدا کردەوە.
ئەردۆغان پشتیوانیی ئەنقەرەی بۆ هەوڵەکانی ئاگربەست و ئاشتیی بەردەوام لە سوودان و سەقامگیری لە سۆماڵ دووپاتکردەوە، داواشیکرد چارەسەرکردنی پرسی کشمیر و تەواوی ناکۆکییەکانی باشووری ئاسیا لە رێگەی دیالۆگ و لە چوارچێوەی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.



