رووداو دیجیتاڵ
رووسیا رۆژی یەکشەممە بەڵێنیدا هێرشەکانی بۆ سەر کیێڤ "چڕتر" بکاتەوە وەک وەڵامێک بۆ هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا بۆ سەر مۆسکۆ، ئەوەش لە کاتێکدایە راپرسییە سەرەتاییەکانی بەردەم بنکەکانی دەنگدان پێشانی دەدەن کە پارتی "رووسیای یەکگرتوو"ـی دەسەڵاتدار بەرەو بردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەنگاو دەنێت.
بەرپرسانی رووسیا رایانگەیاند، لە دواین رۆژی دەنگداندا ئۆکراینا بە شەپۆلێکی فراوان لە درۆن هێرشی کردووەتە سەر مۆسکۆ و ناوچەکانی دەوروبەری، کە بووەتە هۆی کوژرانی دوو کەس و ئاگرکەوتنەوە لە نێو پاڵاوگەیەکی نەوتدا.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئۆکراینای بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵیداوە "رێگری لە ئیرادەی دیموکراسیی هاووڵاتییانی رووسیا" و بەڵێنی وەڵامدانەوەیەکی تووندی دا.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند: "وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی رژێمی کیێڤ بۆ سەر ئامانجە سڤیلەکان لە نێو خاکی رووسیادا، سوپای رووسیا بەردەوام دەبێت لە هێرشە زۆر وردەکانی خۆی و چڕتریان دەکاتەوە لە دژی ئامانجە سەربازییەکان لە کیێڤ."
سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ باسی لەوە کرد کە ئەم هێرشە گەورەترین پەلامار بووە بۆ سەر پایتەخت لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە لە ساڵی 2022دا، کە تێیدا نزیکەی 1,600 درۆن بەکارهێنراون و 450 دانەیان راستەوخۆ ئاراستەی مۆسکۆ کراون.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ستایشی هێرشەکانی کرد و گوتی: "وەڵامە دوورمەوداکانمان شەوی رابردوو کاریگەرییەکی یەکجار بەرچاویان لە ناوچەی مۆسکۆ هەبوو."
زیلینسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "یەکێک لە دامەزراوە سەرەکییەکانی پیشەسازیی نەوتی رووسیا و دامەزراوەیەکی لۆجستیی داگیرکاران پێکران. ئەمانە ملیاران دۆلارن کە سووتەمەنی بۆ ئامێری جەنگ دابین دەکەن."
ئاندرێی ڤۆرۆبیۆڤ، پارێزگاری ناوچەی مۆسکۆ رایگەیاند لە هێرشەکانی رۆژی یەکشەممەدا بە لایەنی کەمەوە دوو کەس (ژنێکی تەمەن 44 ساڵ و پیاوێکی بەتەمەن) لە دوو شوێنی جیا گیانیان لەدەستداوە. ڤۆرۆبیۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد، کەوتنەخوارەوەی درۆنێک بەسەر باڵەخانەیەکی 21 نهۆمیدا بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و گواستنەوەی 400 کەس بۆ دەرەوە.
ئەنجامی دەنگدانەکە
هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ یەکلاکردنەوەی سەرجەم 450 کورسییەکەی ئەنجوومەنی دووما (پەرلەمانی رووسیا)، یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی بوو لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرایناوە.
راپرسیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رای گشتیی رووسیا (VCIOM) پێشانی دەدات کە پارتی رووسیای یەکگرتوو 49.4%ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، لە کاتێکدا پارتی کۆمۆنیست بە 14.2% و پارتی ناسیۆنالیستی LDPR بە 10.7% لە پلەکانی دواتردا دێن. سەرجەم ئەو پارتانەی بەشدارییان کردووە پشتیوانی لە جەنگ و لە ڤلادیمیر پووتین دەکەن.
پارتی لیبراڵی "یابلۆکۆ" کە داوای راگرتنی شەڕی دەکرد، لەلایەن دادگەی باڵای رووسیاوە لە پێشکێشکردنی لیستی فیدراڵی بێبەشکرابوو. لە بەرامبەردا، یولیا ناڤاڵنایا، هاوسەری ئەلێکسی ناڤاڵنی داوای لە هاووڵاتییانی دژە جەنگ کردبوو نیوەڕۆی یەکشەممە پێکەوە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و ناڕەزایەتی دەرببڕن.
هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر سێرڤەرەکان
هاوکات لەگەڵ دواین رۆژی دەنگدان، ئێلا پامفیلۆڤا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی رووسیا رایگەیاند کە شەپۆلێکی هێرشی سایبەری کراوەتە سەر ژێرخانی هەڵبژاردن.
پامفیلۆڤا ئاماژەی بەوە کرد کە وادیارە هێرشەکان لەلایەن "گرووپی زۆر پرۆفیشناڵ و بەهێزەوە ئەنجامدرابن کە ژیریی دەستکردیان بەکارهێناوە."
سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی رووسیا گوتیشی: "زیاتر لە هەزار شەپۆلی هێرشی پەکخستنی خزمەتگوزاری (DDoS) دژی ئەو ژێرخانە ئەلیکترۆنییانە تۆمارکراون کە پەیوەندییان بە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە هەبووە." هەروەها باسی لەوەش کرد کە هێڵەکانی پەیوەندی لە رۆژهەڵاتی دووری رووسیا بڕاون بە مەبەستی پەکخستنی دەنگدانەکە.



