رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن لەگەڵ دانیمارک و حکومەتی گرینلاند گەیشتووەتە رێککەوتنێکی هەمیشەیی و بێ وادە، کە دەسەڵاتی تەواوی ئاسایش و بەرگریی ئەو دوورگە ستراتیژییە دەداتە ئەمریکا.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیى ترووس سۆشیاڵ باسی لەوە کرد، ئەمە رێککەوتنێکی "بێ کۆتاییە" و نەیارانی ئەمریکا بەبێ رەزامەندیی نووسراوی واشنتن ناتوانن بنکەی سەربازی لەوێ دابمەزرێنن یان دەست بۆ وەبەرهێنانی هەستیار ببەن. هەروەها گوتیشی، سوپای وڵاتەکەی دەستبەجێ دەست بە فراوانکردنی ئامادەیی سەربازیی خۆی لە گرینلاند دەکات.
مێتە فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک و یەنس فرێدریک نیلسن، سەرۆکوەزیرانی گرینلاند پێشوازییان لە رێککەوتنەکە کرد و ئاماژەیان بەوە کرد، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک واژۆی دەکەن، بەڵام جێبەجێکردنی پێویستی بە پەسندکردنی پەرلەمانی هەردوو وڵات دەبێت.
هاوکات بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا روونیان کردەوە، رێککەوتنەکە رێگریی تەواو لە رووسیا و چین دەکات بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازی و ناردنی سەرباز بۆ گرینلاند، هاوکات رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ راگرتنی هەموو ئەو پڕۆژە بیانییانەی دەست بۆ کەرتە هەستیارەکانی وەک کانزا و ژێرخانی دوورگەکە دەبەن.
گرینلاند دوورگەیەکی سەربەخۆی خۆبەڕێوەبەرە لە چوارچێوەی شانشینی دانیمارکدا و خاوەنی یەدەگێکی زۆری کانزا دەگمەنەکان و نەوتە لە جەمسەری باکوور. بەهۆی توانەوەی بەستەڵەکەکان و کرانەوەی رێڕەوە دەریاییەکان، پێگەی ناوچەکە گرنگییەکی جیۆپۆلەتیکیی بێوێنەی پەیدا کردووە.
لە سەرەتای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە 2025، ترەمپ هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی و سەپاندنی باجی گومرگی دەکرد بۆ بەدەستهێنانی دوورگەکە؛ ئەم رێککەوتنە رێگە بۆ هەژموونی سەربازیی درێژخایەنی ئەمریکا خۆش دەکات بەبێ ئەوەی سەروەریی فەرمیی دانیمارک هەڵبوەشێنێتەوە.


