رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەزامەندیی خۆی لەسەر فرۆشتنی 48 فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری (F-35) بە بەهای 24.3 ملیار دۆلار بە سعوودیە راگەیاند، ئەمەش بە گەورەترین مامەڵەی کڕینی چەک لەلایەن ریازەوە دادەنرێت لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران.
سعوودیە لە 2012ـەوە لە هەوڵی کڕینی ئەو فڕۆکانەدایە، بەڵام ئیسرائیل کە تاوەکو ئێستا تاکە وڵاتە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئەو فڕۆکانەی لەبەردەستدایە، نیگەرانیی خۆی لە پڕچەککردنی ریاز بەو فڕۆکانە دەربڕیوە.
رۆژی پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "فرۆشتنی ئەم فڕۆکانە توانای سعوودیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ئێستا و داهاتوو بەهێزتر دەکات، ئەوەش لە رێگەی تۆکمەکردنی بەرگریی نیشتمانی و پەرەپێدانی ئاستی هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا."
واشنتن لە راگەیێندراوەکەیدا دڵنیایی دایە هاوپەیمانەکانی کە ئەم مامەڵەیە "هاوسەنگیی هێزی سەربازی لە ناوچەکەدا ناگۆڕێت"، ئەمەش وەک پابەندبوونێک بە سیاسەتی نەگۆڕی ئەمریکا بۆ هێشتنەوەی باڵادەستیی سەربازیی ئیسرائیل بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا.
پێشوازیی ریاز لە بڕیارەکە
باڵیۆزخانەی سعوودیە لە واشنتن پێشوازیی لە رەزامەندیی ئیدارەی ئەمریکا کرد و رایگەیاند کە ئەم بڕیارە "رەنگدانەوەی بەهێزی و پتەویی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە."
باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان ریاز و واشنتن لە مێژوودا رۆڵی هەبووە لە پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی و بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی هاوبەش.
ئەم گرێبەستە لە کاتێکدایە کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە، خاکی سعوودیە بە بەردەوامی رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران و حووسییەکان بووەتەوە.
نیگەرانی لە دزەپێکردنی تەکنەلۆژیا بۆ چین
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فەرمی کۆنگرێسی لە پرۆژەبڕیاری فرۆشتنی فڕۆکەکان ئاگادار کردووەتەوە تاوەکو رەزامەندیی کۆنگرێسی لەسەر وەربگیرێت.
هاوکات پرسی فرۆشتنی ئەو فڕۆکانە بەربەستی لە کۆنگرێس بۆ دروستبووە؛ رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) ئاماژەی بەوە کردووە کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هۆشدارییان داوە لەوەی رەنگە بەیژینگ لە رێگەی پەیوەندییە بازرگانی و تەکنەلۆژییە نزیکەکانی لەگەڵ ریاز، دەستی بە نهێنییە تەکنەلۆژییەکانی فڕۆکەی F-35 بگات.
راجا کریشنامۆرسی، ئەندامی دیموکرات لە لیژنەی هەواڵگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دژایەتیی خۆی بۆ گرێبەستەکە راگەیاند و گوتی، "نابێت ئەم مامەڵەیە تێپەڕێندرێت لە کاتێکدا دەزگا هەواڵگرییەکانمان هۆشداری دەدەن کە ئەم هەنگاوە دەکرێت گرنگترین تەکنەلۆژیای سەربازیی ئەمریکا بخاتە بەردەستی پارتی کۆمۆنیستی چین."
زنجیرەیەک گرێبەستی گەورەی چەک
کڕینی فڕۆکەکانی F-35 نوێترین هەنگاوە لە زنجیرەیەک گرێبەستی ملیار دۆلاری کە سعوودیە لەمساڵدا لەگەڵ ئەمریکا واژۆی کردوون.
سەرەتای ئەم مانگە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەزامەندیی لەسەر فرۆشتنی زیاتر لە 10 هەزار بۆمب بە بەهای پێنج ملیار دۆلار بە سعوودیە دەربڕی. هەروەها فرۆشتنی بزوێنەری تانک بە بڕی 750 ملیۆن دۆلار و گرێبەستێکی 1.96 ملیار دۆلاری لە مانگی تەممووزدا بۆ کڕینی سیستەمی ئاراستەکردنی زیرەک بۆ مووشەکەکان پەسند کرابوون.



