رووداو دیجیتاڵ
ئاڤان جەمال، کچە ئەکتەری کوردی خەڵکی شاری سلێمانی، دوای بەرجەستەکردنی رۆڵی ژنە پێشمەرگەیەکی قەناس بەدەست، گەیشتە سەر سەکۆی دێرینترین و بەنێوبانگترین فێستیڤاڵی سینەمایی جیهان لە ڤێنس. ئاڤان کە ئەستێرەی سەرەکیی فیلمی "بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت"ـە، لە لایەن تیمی براندی جیهانیی (جۆرجیۆ ئەرمەنی)ـیەوە بۆ رێوڕەسمی سەر فەرشی سوور ئامادە دەکرێت.
فیلمەکە کە بەرهەمی نۆ ساڵ کارکردنی بەردەوامە، چیرۆکی ئازایەتیی ژنانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش دەگێڕێتەوە. ئاڤان جەمال لەبارەی ئەم ئەزموونە نێودەوڵەتییەوە بە رووداوی راگەیاند: "دڵم زۆر خۆشە و پەرۆشم بۆ ئەوەی جیهان ئەنجامی کارێکی سینەمایی ببینێت کە منداڵ و خەڵکی کورد کردوویانە؛ گرنگە بزانن سینەمای ئێمە لە چ ئاستێکدایە."
ئەستێرەی 'ڤایکینگەکان' لە فیلمێکی کوردیدا تۆربیۆن هار، ئەکتەری ناوداری نەرویجی کە بە رۆڵەکەی لە زنجیرەی جیهانیی 'ڤایکینگەکان' ناسراوە، لەم فیلمەدا یەکێکە لە ئەکتەرە سەرەکییەکان. ئەو دەڵێت پێشتر لەبارەی پێشمەرگەوە شتی بیستووە، بەڵام فیلمەکە وایکردووە بە قووڵی تێبگات. تۆربیۆن گوتی: "کە هەڵکەوت مستەفای دەرهێنەر چیرۆکەکەی بۆ گێڕامەوە، بڕیارم دا ببمە بەشێک لەم کارە."
قوماشی کوردی لە پشت لێنزەکان جۆن ئێرلینگ فرێدریکسن، سینەماتۆگرافەری فیلمەکە، بۆ دروستکردنی رەنگ و دیمەنی جیاواز، سوودی لە کلتووری کوردی وەرگرتووە. ئەو ئاشکرای دەکات کە لە بازاڕی هەولێر قوماشی کوردیی تەنکی کڕیوە و لە پشت لێنزی کامێراکەی دایناوە تاوەکو بڵاوبوونەوەیەکی "نەرم و بێ وێنە" بە دیمەنەکان ببەخشێت کە جیهان پێشتر نەیدیوە.
هەڵکەوت مستەفا: ناوی پێشمەرگەم گەیاندە سەکۆ جیهانییەکان هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری فیلمەکە، نۆ ساڵ تەمەنی خۆی بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخان کردووە تاوەکو بەرهەمێک لە ئاستی سینەمای جیهانیدا پێشکەش بکات. ئەو پێی وایە ئەم پێشوازییەی ڤێنس، سەرکەوتنە بۆ ناوی پێشمەرگە. هەڵکەوت گوتی: "شتێک کە کورد و پێشمەرگە بە دنیا بناسێنێت، دەبێت لە بەرزترین ئاستدابێت، بۆیە نۆ ساڵ کارم لەسەر کرد."
راستییەکانی فیلمەکە و فێستیڤاڵەکە:
- ناونیشان: بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت.
- ماوەی کارکردن: 9 ساڵ.
- شوێنی وێنەگرتن: موسڵ، هەولێر و نەرویج.
- کات و شوێنی نمایش: 7ـی سێپتێمبەر، هۆڵی (سالا گڕاندێ) لە ڤێنس.
- خولی فێستیڤاڵ: 83ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس.
فێستیڤاڵی ڤێنس کە ئەمساڵ زیاتر لە 100 هەزار کەس ئامادەی دەبن، تەنیا فێستیڤاڵێکی ئاسایی نییە، بەڵکو گەورەترین دەروازەیە بۆ ئەوەی سینەمای کوردی و دۆزی پێشمەرگە لە رێگەی هونەرەوە بگاتە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان.



.avif&w=3840&q=75)