رووداو دیجیتاڵ
رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، رێگەدان بە تیمەکانی ئاژانسەکە بۆ گەیشتن بە دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران، "کاریگەریی ئەرێنی" بۆ تاران دەبێت؛ ئەمەش لەکاتێکدایە وڵاتانی رۆژئاوا هەوڵ دەدەن دۆسیەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە رەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن.
رۆژی دووشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2026، رافائێل گرۆسی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ڤییەنا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا رەشنووسی بڕیارنامەیەکیان ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی ئێران بەهۆی پابەندنەبوونی بە رێکارە ئەتۆمییەکان، رەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایش بکرێت. گرۆسی لەمبارەیەوە گوتی، "باشترین و کورتترین رێگە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی ئەوەیە کە ئێران هاوکاریی ئێمە بکات."
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە حوزەیرانی ساڵی 2025ـەوە بەهیچ شێوەیەک دەستی بە دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران نەگەیشتووە، ئەوەش دوای ئەو جەنگە 12 رۆژییەی تێیدا ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان کردە سەر شوێنە ئەتۆمییەکان. لە جەنگی ئەمساڵیشدا کە لە 28ـی شوباتەوە هەڵگیرساوە، جارێکی دیکە دامەزراوە ئەتۆمییەکان کرانە ئامانج.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە ئاژانسی وزەی ئەتۆم پێش جەنگەکە هەیبوو، ئێران خاوەنی نزیکەی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بووە بە رێژەی 60%، کە زۆر نزیکە لەو 90%ـەی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی پێویستە. گرۆسی نائومێدیی خۆی لە نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ تاران دەربڕی و گوتیشی، "ئەم کێشانە ون نابن تاوەکو چارەسەریان نەکەین و نەگەڕێینەوە نێو دامەزراوەکان."
لە بەرامبەردا، نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامادەکردنی ئەم بڕیارنامەیەی وەک "هەنگاوێکی بێهیوایانە" ناوبرد، کە "هیچ سوودێکی نابێت."



