ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، ئەو گفتوگۆیانەی لە کیێڤ لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و تیمەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا کردوویانە، گرنگ بوون و بەردەوامیش دەبن.
رۆژی یەکشەممە 06-09-2026، ویتکۆف دوای کۆبوونەوەکە گوتی: "گفتوگۆیەکی زۆر مانادار و گرنگمان هەبوو. ئێمە زۆر گەشبینین و چاوەڕێین ئەم گفتوگۆیانە ئەوەندەی پێویست بێ، بەردەوام بن."
سەردانەکەی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، راوێژکاری ترەمپ بۆ کیێڤ، یەکەم سەردانیانە بۆ ئەو وڵاتە و تەنیا رۆژێک دوای کۆبوونەوەکەیان دێت لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆشکی کرێملن.
هەردوو نێردەکەی ئەمریکا هاوشێوەی بەرپرسانی دیکە، لەرێگەی شەمەندەفەرێکەوە کە ناوی (شەمەندەفەری ئاشتی) لێنرابوو گەیشتنە وێستگەی ناوەندیی کیێڤ، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2022ـەوە ئاسمانی ئۆکرانیا بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخراوە.
زیلینسکی لەم بارەیەوە گوتی، ئۆکرانیا هەموو شتێکی ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی شاندەکە لە رێگەی فڕۆکەوە گەشت بکەن، بەڵام بەهۆی مەترسیی هێرشەکانی رووسیاوە ئەستەم بوو.
زیلینسکی سوپاسی ترەمپی کرد بۆ ناردنی ئەو شاندە لە نێوەڕاستی جەنگدا و گوتی: "زۆر گرنگە کە شاندەکە هاتوون بۆ بینینمان. ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی ستیڤ و جارید دەکەین." ئاماژەی بەوەش کرد، راوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەورووپاش بەشداری لە بەشێک لە گفتوگۆکاندا دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، نێردەکانی ئەمریکا لە مۆسکۆ "پلانی بنچینەییان تاوتوێ کردووە کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا رادەگەیێندرێن." کرێملنیش ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکییەکان "چەند بیرۆکەیەکیان خستووەتەڕوو بۆ رێگەکانی گەیشتن بە رێککەوتن،" بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بدات.
سەرەڕای ئەوەی رووسیا و ئۆکرانیا بەڵێنیانداوە لە کاتی سەردانەکەی نێردەکانی ئەمریکادا هێرش نەکەنە سەر پایتەختەکانی یەکدی، بەڵام شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکانی دیکە بەردەوامە.
هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا رایگەیاند، دوێنێ شەو رووسیا بە 108 درۆن و مووشەک هێرشی کردووە، مۆسکۆش دەڵێت 258 درۆنی ئۆکرانیای خستووەتە خوارەوە. هەروەها رۆژی شەممە بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە 10 کەس لە ئۆکرانیا کوژران کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ بوو.
سەرەڕای سەردانەکە و هەوڵەکانی ئاشتی، بەشێک لە هاووڵاتییانی ئۆکرانیا بە گومانەوە دەڕواننە پرۆسەکە. زۆربەیان پێشوازییان لە چوونی شاندەکە کردووە، بەڵام پێیان وایە بەهۆی "فێڵ و مێژووی ئیمپریالیستیی رووسیاوە،" بەدیهێنانی ئاشتی و متمانەکردن زۆر قورسە.

.jpg&w=3840&q=75)

