رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، بۆمب لە نزیک دوو وێستگەی کارەبا لەو وڵاتە دۆزراوەتەوە و دەسەڵاتدارانیش سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن تاوەکو بزانن ئایا ئەم رووداوانە پەیوەندییان بە هێرشەکانی سەرەتای ئەم هەفتەیەوە هەیە یان نا.
بەرپرسانی ئەڵمانیا رۆژی شەممە 05-09-2026 رایانگەیاند: "دوای ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن هاووڵاتییەکەوە، رۆژی هەینی 12 بۆمبی دەستی لە نزیک هێڵەکانی پەستانی بەرز لە دەوروبەری وێستگەکانی کارەبای بێروالدە و گراوشتاین (رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا) دۆزراونەتەوە".
پۆلیس ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی بۆمب تەقەمەنییەکانیان پەکخستووە و بۆ ئەو مەبەستەش هێڵەکانی کارەبای دەوروبەری رووداوەکە بۆ ماوەیەکی کورت بڕدراون. هاوکات پۆلیس لێکۆڵینەوە لە "پەیوەندیی" نێوان ئەم رووداوە و هێرشەکانی دیکەی سەر وێستگەکانی کارەبا دەکات.
لەم هەفتەیەدا ئەڵمانیا رووبەڕووی چەندین هێرش بووەتەوە بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا، کە پێدەچێت ئامانج لێیان پچڕاندنی کارەبای وێستگەکانی خەڵووز و بڕانی بەرفراوانی کارەبا بێت.
دەسەڵاتداران پێیان وایە هێرشەکان پێدەچێت حاڵەتێکی "تووندڕەویی ژینگەیی" بن، ئەمەش دوای ئەوە هات کە پیاوێکی تەمەن 48 ساڵ، کە لە میدیای ئەڵمانیدا بە (دانیێل ڤی) ناوی هاتووە، چەند نامەیەکی ناردووە و بەرپرسیارێتیی خۆی لەو کارانە راگەیاندووە. هەروەها لە کاتی پشکنینی شوقەکەیدا بۆمب دۆزراوەتەوە.
رۆژی هەینی، رۆژنامەی (بیڵد)ـی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، تیمێکی تایبەتی پۆلیسهەڵیانکوتاوەتە سەر بارهەڵگرێک لە دارستانی هامباخ لە هەرێمی نۆرس راین-وێستفالیا کە گومان دەکرا سەر بەو چالاکڤانە بێت، بەڵام نەیانتوانیوە دەستگیری بکەن.
ئەو ناوچەیە هێمایەکی گرنگە بۆ بزووتنەوەی ژینگەپارێزیی ئەڵمانیا، چونکە چالاکڤانان ساڵانێک ناڕەزایەتییان دەربڕی دژی پلانی بڕینەوەی رووبەرێکی فراوانی دارستانەکە بۆ فراوانکردنی کانی خەڵووزی هامباخ.
لەم دواییانەدا ئەڵمانیا رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرش بووەتەوە بۆ سەر تۆڕی کارەبا، کە لە هەندێک حاڵەتدا چالاکڤانانی چەرپی تووندڕۆ بەرپرسیارێتییان لەئەستۆ گرتووە.
مەترسیدارترین هێرش لە مانگی کانوونی دووەم لە بەرلین روویدا، کە بووە هۆی پچڕانی کارەبا و بۆ ماوەی نزیکەی هەفتەیەک لە ناوەڕاستی زستاندا دەیان هەزار ماڵ و هەزاران کۆمپانیا بێ کارەبا مانەوە.


