رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و پەنابەرانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالنی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، لە دوو هەزار و 100 پەناخواز کە 12 هەزار تاوانی وەک دزییان ئەنجامداوە، نزیکەی هەزار و 100یان خاوەن وڵاتینامەی عێراقین. ئەم ئامارە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیە لە دۆسیەی شەش هەزار و 800 پەناخوازی عێراقی و وڵاتی دیکە، کە پێنج هەزار و 520یان عێراقین.
رۆژی هەینی 4ی ئابی 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی کۆچ و پەنابەرانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالنی ئەڵمانیا سەبارەت بە (لیستەکەی کۆسفێڵد) وەڵامی پرسیارەکانی کەهی مەحموود، ئیدیتۆری دێسکی نێودەوڵەتی لە بەشی ئینتەیکی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
بە گوتەی ئەو گوتەبێژە، تاوەکو 30ی ئەیلوولی 2024 لەو هەرێمەدا فەرمانی دیپۆرتکردنەوە بۆ شەش هەزار و 800 پەناخوازی عێراقی و وڵاتی باڵکان هەبووە، بەڵام بەهۆی هۆکاری جیاواز، مافی دیپۆرتکردنەوەکە جێبەجێ نەکراوە.
دەزگای رووبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی هەرێمەکە لەسەر داوای وەزارەتی ناوخۆ پێداچوونەوەی بۆ دۆسیەی ئەو شەش هەزار و 800 پەناخوازە کردووە تاوەکو بزانرێ تێوەگلانیان لە تاوانەکاندا چۆن و چەند بووە.
گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند: "لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە کە لەو شەش هەزار و 800 کەسەی پشکنین بۆ دۆسیەکەیان کراوە، دوو هەزار و 100 کەسیان لە تاوان تێوەگلاون. نزیکەی هەزار و 100 کەسیان لە لیستی دۆسیەی هاووڵاتییە عێراقییەکاندا بوون و هەزار کەسیش لە لیستی دۆسیەی وڵاتانی باڵکاندا بوون. بە شێوەیەکی گشتی، ئەم 12 هەزار تاوانە لەلایەن ئەم دوو هەزار و 100 کەسەوە ئەنجامدراون."
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەت هەڵسەنگاندن بۆ ئامارەکانی دەزگای تاوان دەکات، بۆیە ئێستا ناتوانن بە وردی دیاری بکەن ئەو هەزار و 100 پەناخوازە عێراقییە چ جۆرە تاوانێکیان ئەنجامداوە.
بەڵام دەزگای تاوانەکانی هەرێمەکە پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەم تاوانانە "لە دزییەوە دەستپێدەکەن تاوەکو دەگەنە تاوانەکانی مادە هۆشبەرەکان، دەستدرێژیی سێکسی و بریندارکردن."
سکانداڵەکەی کۆسفێڵد چۆن ئاشکرا بوو؟
لە ئابی 2026دا لە شاری کۆڵنی هەرێمەکە لەنێو خێزانەکانی وڵاتانی باڵکاندا رووداوێکی تووندوتیژی روویدا. دواتر ئاشکرا بوو کە دەبوو ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو خێزانانە پێشتر دیپۆرت بکرانایەتەوە.
دوای ئەو رووداوە، میدیای شارەکە سکانداڵی (لیستی کۆسفێڵد)ی بڵاوکردەوە. بەپێی رۆژنامەکە، دەرکەوتووە فەرمانگەی بیانییانی کۆڵن داوایەکی هاوکاریی شاری کۆسفێڵدی بۆ دیپۆرتکردنەوەی 500 پەناخوازی داواڕەتکراوە رەتکردوەتەوە.
دوای ئەمە، دەزگای تاوانەکانی ئەو هەرێمە بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد و دەرکەوت کە شەش هەزار و 800 پەناخوازی داواڕەتکراوە لەوێ هەن. دوای ئەوەی سکانداڵەکە دەنگی دایەوە، وەزارەتەکەی ئەو هەرێمە فەرمانی بە دەزگای تاوانەکان کرد کە پێداچوونەوە لەو لیستانەدا بکات تا بزانرێ ئەو پەنابەرە داواڕەتکراوانە چەند تاوانیان ئەنجامداوە.



.jpg&w=3840&q=75)