رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی
نوێی زانکۆی هیوستن لە ئەمریکا، رێگەیەکی نوێی بۆ دەرهێنانی 137 ملیار بەرمیل
نەوتی خاوی قەتیسماوی ئەو وڵاتە خستووەتەڕوو، کە تێیدا تەکنیکێکی تایبەت بە
بەکارهێنانی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن (CO2) بەکاردەهێندرێت.
توێژینەوەکە بەناوی "بوژاندنەوەی کێڵگە
نەوتییە پڕەکان" لەلایەن چاڕڵز مەککۆنێڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری
بەڕێوەبردنی کاربۆن لە زانکۆکە و ژیوەن لی، خوێندکاری دکتۆرا لە ئەندازیاریی نەوت
ئامادە کراوە.
میکانیزمی کارکردنی ئەم تەکنیکە پشت بە
تێکردنی گازی CO2 دەبەستێت بۆ نێو کێڵگە نەوتییە کۆنەکان.
بەپێی راپۆرتەکە، کارلێکی گازەکە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خەستیی نەوتەکە و
ئاساییکردنەوەی پەستانی نێو کێڵگەکە؛ بەمەش پاڵ بە نەوتە قەتیسماوەکەوە دەنێت تاوەکو
بە ئاسانی بەرەو بیرەکان بڕوات و لەوێوە دەربهێنرێت.
پرۆسەکە تەنیا بۆ دەرهێنانی نەوت نییە، بەڵکو
دەبێتە هۆی هەڵگرتنی هەمیشەیی کاربۆن لە ژێر زەویدا، ئەمەش وا دەکات ئەو نەوتەی
بەرهەمدێت کەمترین رێژەی کاربۆنی تێدابێت و بۆ بازاڕەکانی جیهان گونجاوتر بێت.
لەلایەکی دیکەوە، پێش دەستپێکردنی پرۆسەکە،
کۆمپانیاکانی دەرهێنان رووبەڕووی چەند ئاستەنگێک دەبنەوە. کێڵگە کۆنەکان ژمارەیەکی
زۆر بیری جێهێڵدراویان تێدایە، ئەگەر ئەو بیرانە بە شێوەیەکی توندوتۆڵ دانەخرێن و
نۆژەن نەکرێنەوە، ئەوا بەهۆی بەرزیی پەستانەکەوە، گازەکە دزە دەکات و دەچێتە
ناوچەکانی دیکەوە.
توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرکەوتنی ئەم
پرۆژەیە تەنیا پەیوەندیی بە لایەنی تەکنیکییەوە نییە، بەڵکو پێویستی بە
هەڵسەنگاندنی ئابووریی ورد هەیە. کۆمپانیاکان دەبێت تێچووی کڕینی ئامێرەکانی گرتنی
کاربۆن و گواستنەوەی، لەگەڵ نرخی رۆژانەی نەوت لە بازاڕەکاندا بەراورد بکەن تاوەکو
بزانن پرۆژەکە قازانجی دەبێت یان نا.
بەپێی زانیارییەکانی
توێژینەوەکە، کێڵگە نەوتییەکانی ئەمریکا پێشتر نزیکەی 624 ملیار بەرمیل نەوتیان
تێدابووە. دوای قۆناخەکانی یەکەمی دەرهێنان، هێشتا نزیکەی 434 ملیار بەرمیل نەوت
لە ژێر زەویدا قەتیس ماوە. ئەم تەکنیکە نوێیە ئامانجییەتی 137 ملیار بەرمیل لەو
نەوتە دەربهێنێت، کە زۆربەی ئەو بڕەش دەکەوێتە کێڵگەکانی ویلایەتی تێکساس و
کەناراوەکان.

