رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئۆکراینا بە فەرمی رێکخراوی نێودەوڵەتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاگادار کردەوە کە ئاسمانی رووسیا "سەلامەت نییە"، ئەمەش وەک لێکەوتەی هێرشە درۆنییە بەردەوامەکانی کیێڤ بۆ سەر قووڵایی خاکی رووسیا.
تاوەکو ئێستا ئاژانسەکە کە بەرپرسە لە رێکخستنی ستانداردەکانی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە جیهاندا، هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر ئەم ئاگادارکردنەوەیەی ئۆکراینا نەداوە. لە بەرامبەردا، دەستەی چاودێریی فڕۆکەوانیی رووسیا هۆشدارییەکەی ئۆکراینای بە "نایاسایی" و "بێبایەخ" وەسف کرد.
رۆژی چوارشەممە، 2ی ئەیلوولی 2026، ئەندرێ سیبیگا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە، "لە پاشخانی پەرەسەندنی تووندوتیژییەکانی رووسیا دژی ئۆکراینا، کایەی ئاسمانیی رووسیا رۆژ بە رۆژ نائارامتر دەبێت."
سیبیگا هۆشداریی دایە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گوتی: "داوا لە هەمووان دەکەین لە ئاسمانی رووسیا دوور بکەونەوە. مۆسکۆ بە ئەنقەست چاوپۆشی لەو مەترسییانە دەکات کە بەهۆی جەنگەکەوە دروست بوون."
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە رۆژی سێشەممە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا هۆشداریی دابوو کە درۆنەکانی سوپاکەی، ئاسمانی رووسیا بە "تەواوی نائارام" دەکەن.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە وەڵامی ئەم لێدوانانەدا گوتی، قسەکانی زیلینسکی وەک "راگەیاندنی تیرۆری" دەوڵەت وایە.
لەوەتەی دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی 2022، کیێڤ چەندین جار بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی سەربازی و وزەی رووسیا کە هەندێکیان سەدان کیلۆمەتر لە سنوورەکانەوە دوورن. ئەم هێرشانە زۆرجار رووسیای ناچار کردووە بەشێک لە فڕۆکەخانەکانی دابخات.
لە ساڵی 2024دا، بەرگریی ئاسمانیی رووسیا بە هەڵە فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئازەربایجانییان خستە خوارەوە، لە کاتێکدا مۆسکۆ پێیوابوو رووبەڕووی هێرشێکی درۆنیی ئۆکراینا بووەتەوە.
لە کاتێکدا ئۆکراینا هۆشداری لە ئاسمانی رووسیا دەدات، کایەی ئاسمانیی خودی ئۆکراینا لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی جەنگەوە بە رووی هەموو گەشتە مەدەنییەکاندا داخراوە.

