رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکە بەردەوام دەبێت لە گرنگیدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لەگەڵ عێراق و ئامانجیانە هاوبەشییەکانیان لەگەڵ حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا فراوانتر بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، لە وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداو، تیشکی خستە سەر ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان بەرلین و بەغدا؛ ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیارە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە نێوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا بە سەردانێکی فەرمی بگاتە ئەڵمانیا.
جولی هولسێمان، کۆنسووڵی سیاسی، ئابووری و کاروباری راگەیاندن لە وەڵامەکەیدا بۆ رووداو گوتی: "ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە بەرز نرخاندنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لەگەڵ عێراق. ئامانجمان فراوانکردنی زیاتری ئەم هاوبەشییەیە لەگەڵ حکومەتی نوێ، بە پشتبەستن بەو بناخە بەهێزانەی لە هاوکارییەکانمان لە بوارەکانی سیاسی و ئابووریدا هەمانە."
ئەم بەرپرسەی ئەڵمانیا جەختی لەوەش کردەوە، هاوکارییەکانیان تەنیا لە کەرتی سیاسی و ئابووریدا نامێننەوە، بەڵکو بوارەکانی "ئەمنی، سەقامگیرکردن و گەشەپێدانیش" دەگرێتەوە. بەرلین دەیەوێت لەرێگەی ئەم هاوبەشییە نوێیەوە، رۆڵی خۆی لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەدا دوای گۆڕانکارییە سەربازییەکان بپارێزێت.
ئەم هەڵوێستەی ئەڵمانیا لە کاتێکی هەستیاردا دێت؛ چونکە بڕیارە تاوەکو 30ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق کۆتایی بێت. بەرلین کە پێشتر لەرێگەی نێردەی راوێژکاریی ناتۆ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە هاوکاریی سەربازیی پێشکێش بە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە، ئێستا هەوڵ دەدات لە رێگەی دانوستاندنی دووقۆڵییەوە، جێگرەوەیەک بۆ ئەو هاوکارییانە بدۆزێتەوە.
عێراق لە قۆناخی دوای جەنگ، هەوڵ دەدات پشتبەستنی بە هێزە بیانییەکان کەم بکاتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا بەرەو ئاراستەی ئابووری و وەبەرهێنان ببات.
ئەڵمانیا وەک یەکێک لە هێزە ئابوورییە گەورەکانی جیهان، دەیەوێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت بۆ قووڵکردنەوەی هەماهەنگییەکان لە بواری وزە و ئاوەدانکردنەوەدا. چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانەکەی عەلی فالح زەیدی بۆ بەرلین، یاداشتنامەی نوێی لێکتێگەیشتن لەو بوارانەدا واژۆ بکرێن.


