رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا پێشنیاز دەکات ناوى (تەنگەى هورمز) بگۆڕدرێت بۆ (تەنگەى ترەمپ)، ئەوەش دواى ئەوەى رایگەیاند ئێستا ئەو رێڕۆ ئاوییە ستراتیژییە لەژێر کۆنترۆڵى ئەمریکادایە.
دۆناڵد ترەمپ رۆژی چوارشەممە، 2ى ئەیلوول لە پلاتفۆرمى ترووس سۆشیاڵ نووسی: "ئێستا کە تەنگەکە لەژێر کۆنترۆڵى ئەمریکادایە، چی دەڵێن، ناوى تەنگەى هورمز بگۆڕین بۆ تەنگەى ترەمپ؟"
سەرۆکى ئەمریکا بەراوردی رێڕەوەکەى لەگەڵ دۆخی وڵاتەکەى کرد و گوتی: "هاوشێوەى خودى ئەمریکا، ئەم رێڕەوە لە هەموو کاتێک جوانتر دەبێت."
ئەم پێشنیازەى ترەمپ لە کاتێکدایە، هێزە دەریاییەکانى ئەمریکا گەمارۆیەکى تووندیان خستووەتە سەر ئاوەکانى ناوچەکە. فەرماندەیی ناوەندیى هێزەکانى ئەمریکاش (سێنتکۆم) جەختى کردووەتەوە لەوەى تاران چیدی کۆنتڕۆڵى هاتن و چوونى لەو رێڕەوەدا نەماوە.
تەنگەى هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانى جیهان کە بەر لە جەنگ رۆژانە نزیکەى 20٪ـى نەوتى خاوى جیهانى پێدا تێدەپەڕى. لە دەستپێکی جەنگى ئێرانەوە لە 28ى شوباتدا، ئەم تەنگەیە بووەتە چەقى ململانێیە ئابووری و سەربازییەکان.
هەرچەندە لە مانگى حوزەیراندا یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و ئێران واژۆ کرا، بەڵام لەسەر بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز ناکۆکی لە نێوانیاندا دروست بوو. ئێران هێرشی کردە سەر چەند کەشتییەک کە ویستبوویان بەبێ پرسی ئێران بە تەنگەکەدا بڕۆن. لە بەرامبەردا ئێران دەستی بە هێرشەکان بۆ سەر ئێران کردەوە.


