رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هەڕەشەی وەشاندنی گورزی سەربازیی تووندی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و رایگەیاند، واشنتن پلانێکی چڕی بۆ ئەو مەبەستە ئامادە کردووە. ترەمپ راشیگەیاند، سیستمە بەرگرییەکانی ئەمریکا "سەرکەوتووانە" بەرپەرچی هێرشە مووشەکییەکانی تارانیان داوەتەوە.
رۆژی دووشەممە 31ی ئابی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فۆکس نیوزی راگەیاند، "پلانمان هەیە بە تووندی لە ئێران بدەین." راشیگەیاند، لە هێرشەکانی ئەم دواییەی تاران دا، سیستمە بەرگرییەکانی ئەمریکا توانیویانە "هەموو مووشەکەکانی ئێران" بخەنە خوارەوە و رێگری لە زیانەکان بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر رەوشی سیاسیی نێوان هەردوو وڵات و گوتی، ئێرانییەکان "پەرۆشی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنن،" بەڵام گوتیشی، ئیدارەکەی "دوودڵە لە متمانەکردن بە ئێران." بە گوتەی ترەمپ، سزاکانی ئەمریکا "کاریگەرییەکی وێرانکەر"یان لەسەر ئابووریی ئێران هەبووە و تاران چیدی توانای بەرگەگرتنی نەماوە.
پێش ئەو لێدوانەی بۆ فۆکس نیوز، ترەمپ لە پۆستێکدا لە ترووس سۆشیاڵ نووسیبوی، "ئێران نە هێزی دەریایی ماوە و نە هێزی ئاسمانی؛ دراوی وڵاتەکە بە تەواوی فەوتاوە و رێژەی هەڵاوسانیش گەیشتووەتە 300%." بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆخی دارایی تاران هێندە خراپە، ناتوانن مووچەی سەرباز و پۆلیسەکانیان دابین بکەن.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکەکەی، بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر دوو بنکەی ئاسمانیی ئەمریکا لە ئوردن. هەرچەندە تاران بانگەشەی "زیانی زۆر" دەکات، بەڵام سوپای ئوردن رایگەیاند، توانیویانە 8 لەو مووشەکانە تێکبشکێنن.
ئەم هێرشە دوای ئەوە هات، رۆژی یەکشەممە هێزەکانی ئەمریکا سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی ئێرانیان لە دوورگەی لارک لە تەنگەی هورمز کردە ئامانج. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێرشەکە بۆ رێگری بووە لەوەی ئێران مینی دەریایی لە تەنگەکەدا بچێنێت و هاتووچۆی کەشتیوانی بخاتە مەترسییەوە.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران کە لە 28ی شوباتی ئەم ساڵەوە دەستیپێکردووە، کاریگەریی قورسی لەسەر ناوخۆی ئێران هەبووە. ترەمپ رەخنەی تووندی لە سەرکردایەتیی ئێران گرت و رایگەیاند، "رژێمی ئێران زیاتر لە 100 هەزار خۆپێشاندەری کوشتووە،" وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ناڕەزایەتییانەی لە کانوونی یەکەمی رابردووەوە دژی گرانی لە تاران و شارەکانی دیکە سەریانهەڵدا. ترەمپ داوای کرد، دەبێت بەرپرسانی ئێران لەسەر "تاوانی جەنگ دژی مرۆڤایەتی" لە دادگا نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن.
لە کاتێکدا تەنگەی هورمز لە 2ی ئاداری ئەم ساڵەوە لەلایەن ئێرانەوە داخراوە، ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە بە گەمارۆی دەریایی و سزای ئابووری، رێگە نادات تاران وەک "شەڕانگێزی ناوچەکە" بمێنێتەوە. ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا هەڕەشە و لێدوانەکانی ئێرانی بە "پڕوپووچ" ناوبرد و رایگەیاند، وڵاتەکە لە لێواری داڕمانێکی تەواوەتیدایە.



