رووداو دیجیتاڵ نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رایگەیاند، "خۆڕاگرە" ئەمەش لە کاتی بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەک لەو زیندانەی نیویۆرک کە لەوکاتەوەی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستگیرکراوە، تێیدا راگیراوە. مادورۆ و سیلیا فلۆرێسی هاوژینی، لە مانگی کانوونی دووەمدا لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئەمریکادا لە کاراکاس دەستگیرکران. ئێستا لە زیندانێکی برۆکلن لە نیویۆرک بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و هەڵگرتنی چەک دەستبەسەرن، بەڵام خۆیان ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە. رۆژی یەکشەممە 30-08-2026 مادورۆ لە تەلەگرام نووسی: "ئەم وێنانە وەک دیارییەکی بچووک بۆ هەموو نەوەکانم، بۆ کوڕان و کچان، بۆ هەموو ئەو کەسە باشانە دەنێرم ئێمەیان خۆشدەوێت." هەروەها نووسی: "دەمەوێت بزانن کە ئێمە خۆڕاگرین و دڵمان پڕە لە خۆشەویستیی ئێوە." لە هەر دوو وێنەکەدا، مادورۆ جلێکی وەرزشیی رەنگ خۆڵەمێشی پۆشیوە و بە دەستەکانی هێمای ئاشتی پیشان داوە. لەوکاتەوەی دەستگیریش کراوە، کێشی زۆری لەدەستداوە. هەرچەندە وێنەکان رۆژی یەکشەممە بڵاوکراونەتەوە، بەڵام داتای کامێراکە دەریدەخات کە لە 25ـی حوزەیران گیراون، واتە رۆژێک دوای ئەو دوو بوومەلەرزە کوشندەیەی کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 6 هەزار و 500 کەس و وێرانکارییەکی بەرفراوان لە باکووری ڤەنزوێلا. لە کۆتاییدا نووسیویەتی: "بە بەهێزی، ئارامی و متمانەوە دەمێنینەوە: خودا لەگەڵمانە. خودا رزقمان دەدات. ڤەنزوێلا جارێکی دیکە هەڵدەستێتەوە." ئەم پەیامە دوو رۆژ دوای ئەوە دێت کە دێلسی رۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ئەو وڵاتە، رێککەوتنێکی "مێژوویی"ـی نەوتی راگەیاند رێگە بە ئەمریکا دەدات کێڵگە نەوتییەکانی ڤەنزوێلا بەکاربخات. رۆدریگێز دەڵێ "رێگەی دیپلۆماسیی" لەگەڵ ئەمریکا هەڵبژاردووە، چونکە دەیەوێت ڤەنزوێلا ببێتە "هێزێکی گەورەی وزە." بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکی پێشوو، مادورۆ لە زینداندا دەستی بە رۆژنامە و ئینتەرنێت ناگات، بەڵام رێگەی پێدراوە مانگانە نزیکەی 300 خولەک لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ خێزان و پارێزەرەکانی قسە بکات، کە هەر پەیوەندییەک دەبێت لە 15 خولەک تێپەڕ نەکات. نیکۆلاس مادورۆ گێرا، کوڕی مادورۆ دەڵێ، باوکی تەندروستیی باشە و کاتەکانی بە خوێندنەوەی ئینجیل بەسەردەبات. لە کۆتایی مانگی تەممووزدا دادگەی فیدراڵیی نیویۆرک رایگەیاند، دادگاییکردنی مادورۆ و هاوژینەکەی لە ئەمریکا لە 1ـی حوزەیرانی 2027 دەستپێدەکات.