رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، پیرۆزبایی لە سووریا کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەی ئاشتییانەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەت دا. ماکرۆن ئەم هەنگاوەی بە "قۆناخێکی یەکلاکەرەوە" بۆ داهاتووی سووریا وەسف کرد.
رۆژی چوارشەممە، 26ی ئابی 2026، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیامێکدا لە ئێکس ستایشی پابەندیی ئەحمەد شەڕع، سەرۆککۆماری سووریا و هەستی بەرپرسیارێتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەی کرد لە سەرخستنی ئەم رێککەوتنەدا.
ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد کە فەرەنسا لە سەرەتای قۆناخی گواستنەوەی سیاسیی سووریاوە رۆڵێکی کارای لە پشتگیریکردنی ئەم ئاراستەیەدا هەبووە و گوتی: "ئێمە بە وردی چاودێری جێبەجێکردنی تەواوەتیی ئەم رێککەوتنە دەکەین."
یەکپارچەیی خاک و دەسەڵاتی چەک
ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی سووریا، بەو مەرجەی ڕێز لە هەموو پێکهاتەکان بگیرێت.
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بە خاڵێکی ستراتیژی کرد و رایگەیاند: "پێویستە چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت، تەنیا بەم هەنگاوانە دەتوانرێت ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام لە سووریا بونیاد بنرێت."
مەزڵووم عەبدی: لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەینەوە
ئەم هەڵوێستەی فەرەنسا دوای ئەوە دێت کە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لە گوتارێکی مێژووییدا بۆ گەلی سووریا و کوردستان، هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی "هەسەدە" و تێکەڵبوونی بە سوپای سووریای راگەیاند.
عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە سووریا چووەتە قۆناخێکی نوێوە و گوتی: "ئەمڕۆ بە بەرپرسیارێتییەکی تەواوەوە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ رادەگەیێنین."
مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە کە یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی ئەم رێککەوتنە، پاراستنی مافی خوێندنە بە زمانی کوردی، کە سەرۆک ئەحمەد شەڕع بەڵێنی جێبەجێکردنی داوە. عەبدی گوتیشی، ئامانجیان بونیادنانی سووریایەکە کە تێیدا هەموو پێکهاتەکانی وەک کورد، عەرەب، سریانی، ئاشووری و تورکمان بە شکۆ و یەکسانییەوە بژین.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە لە تشرینی یەکەمی 2015 دامەزرا، بۆ ماوەی 11 ساڵ هاوبەشی سەرەکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بوو لە شەڕی دژی داعش و توانی رووبەرێکی فراوان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کۆنتڕۆڵ بکات.
ئێستا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم هێزە و تێکەڵبوونی بە سوپای نیشتمانی، سووریا بەرەو قۆناخێکی نوێی سیاسی هەنگاو دەنێت کە فەرەنسا و وڵاتانی رۆژئاوا بە گەشبینییەوە چاودێری دەکەن.


