رووداو دیجیتاڵ
هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایدەگەیێنێت، چارەنووسی 36 کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستان لە لیبیا ئاشکرا بووە و دۆزراونەتەوە، بڕیارە بەمنزیکانە بگەڕێندرێنەوە.
ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، باڵیۆزخانەکەیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی لیبیا چارەنووسی 36 کۆچبەری ئاشکرا کرد، سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە نێو خاکی ئەو وڵاتە.
سەحاف ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمانە ئێستا لە ناوەندی کۆچبەران لە رۆژهەڵاتی تەرابلوس-ی پایتەختی لیبیا دەستبەسەرن، هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو کۆچبەرانە خێرا کراون، بۆئەوەی لە نزیکترین کاتدا بگەڕێندرێنەوە.
بە گوتەی هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، هاوئاهەنگییان بۆ کردوون و سەرجەمیان پەیوەندییان بە کەسوکاریانەوە کردووە. گوتیشی، "باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا پێشتر 352 کۆچبەری بە هەمان شێوە گەڕاندووەتەوە."
ئەحمەد سەحاف دووپاتیشی کردەوە، باڵیۆزخانەکەیان بەردەوامە لە پێشکێشکردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ کۆچبەران، لەوانەش دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و چارەسەر، هەروەها رەخساندنی دەرفەت بۆ ئەوەی پەیوەندی بە خێزانەکانیانەوە بکەن.


