رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەرێمی خارکیڤ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا رایگەیاند، رۆژی سێشەممە بەهۆی هێرشێکی مووشەکیی رووسیاوە بۆ سەر گوندێکی ناوچەکەیان، 10 کەس کوژراون و 8ی دیکەش بریندار بوون.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە لەم دواییانەدا ئاماری کوژرانی خەڵکی سڤیل لەم جەنگە چوار ساڵ و نیوییەدا، بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
ئۆلێگ سینێگوبۆڤ، پارێزگاری هەرێمی خارکیڤ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە: "هێزەکانی رووسیا هێرشێکی مووشەکییان کردە سەر گوندی پێچێنیگی، کە تەنیا نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی رووسیاوە دوورە."
سینێگوبۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشەکە زیانی زۆری بە ماڵی هاووڵاتییان و دووکانەکانی ئەو گوندە گەیاندووە.
لەوەتەی رووسیا لە شوباتی 2022ـەوە هێرشی بۆ سەر ئۆکراینا دەستپێکردووە، هەرێمی خارکیڤ کە بەشێکی لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی رووسیادایە، بەردەوام رووبەڕووی بۆردوومانی سەخت بووەتەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی داوە کە لە چەند مانگی رابردوودا، ژمارەی ئەو سڤیلانەی لەم جەنگەدا کوژراون، گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لەوەتەی دەستپێکی هێرشەکەی رووسیاوە لە ساڵی 2022.


