رووداو دیجیتاڵ
دەزگای پاراستنی نهێنیی ئەمریکا لە رێکارێکی "دەگمەندا" بۆ پاراستنی گیانی دۆناڵد ترەمپ، ناوبراوی بە نهێنی و لەنێو ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی خواردندا بۆ فڕۆکەیەکی دیکە گواستووەتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی ئیسرائیل واشنتنی لە بوونی "هەڕەشەی" مووشەکیی ئێران بۆ سەر فڕۆکەی سەرۆکایەتی ئاگادارکردبووەوە؛ هەرچەندە CIA گومانی لە راستیی زانیارییەکان هەبووە.
رۆژی هەینی، 14ـی ئابی 2026، کەناڵی (ABC News)ـی ئەمریکی ئاشکرای کرد، لە کاتی بەڕێوەچوونی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە لە مانگی تەممووزی رابردوو، ئیسرائیل زانیاریی "بەپەلەی" داوەتە ئەمریکا کە ئێران پلانی هەیە لە کاتی گەڕانەوەیدا، فڕۆکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا (Air Force One) بە مووشەک بکاتە ئامانج.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەرپرسانی ئیسرائیل کاتی پێویستیان لەبەردەستدا نەبووە تاوەکو بە تەواوەتی لە راستیی زانیارییەکان بکۆڵنەوە، بەڵام بەهۆی مەترسیی دۆخەکەوە بەپەلە واشنتنیان ئاگادارکردووەتەوە.
CIA گومانی هەبوو
سەرچاوە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن کە لەنێو کۆشکی سپیدا لەسەر راستیی هەڕەشەکە لێکتێگەیشتنی جیاواز هەبووە. ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA) پێی وابوو زانیارییەکان ورد نین و ئاستی باوەڕپێکراویی زانیارییەکانی ئیسرائیلی بە "کەم" هەڵسەنگاند، بەڵام دەزگای پاراستنی نهێنیی ئەمریکا (Secret Service) نەیویست هیچ سەرکێشییەک بە گیانی سەرۆکەوە بکات.
بۆ چەواشەکردنی هەر هێرشێکی ئەگەری، پلانی گواستنەوەی ترەمپ گۆڕدرا؛ سەرۆکی ئەمریکا لەجیاتی کاروانی ئۆتۆمبێلە رەسمییەکان، بە نهێنی و لەناو "ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی خواردنی فڕۆکە" گواسترایەوە بۆ نێو فڕۆکەیەکی دیکەی جیاواز لە فڕۆکە سەرەکییەکەی سەرۆکایەتی.
دۆناڵد ترەمپ خۆی دواتر لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند: "من تەنیا گوێڕایەڵی رێنماییەکانی دەزگای پاراستنی نهێنی و سوپام. ئەوان پێیان گوتم فڕۆکەکە بگۆڕم، منیش ئەوەم کرد کە ئەوان داوایان کرد."
لێکۆڵینەوەکان چاویان لە تارانە
دوای بەجێهێشتنی تورکیا، دەزگا ئەمنییەکانی واشنتن و ئەنقەرە لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشیان دەستپێکرد، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەکان، هیچ بەڵگەیەک بۆ بوونی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دژی فڕۆکەی سەرۆک نەدۆزراوەتەوە.
چاودێران پێیان وایە، ئەم هەستیارییە زۆرەی دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا بۆ هەڕەشەکانی تاران، دەگەڕێتەوە بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی لە ساڵی 2020، کە لەو کاتەوە ئێران بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ترەمپ و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا دەکات.
گواستنەوەی سەرۆکی ئەمریکا بە ئۆتۆمبێلی خواردن، بە یەکێک لە "دەگمەنترین" رێکارە ئەمنییەکان لە مێژووی کۆشکی سپیدا هەژمار دەکرێت، کە نیشانەی ئاستی بەرزی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تارانە لە ناوچەکەدا.


