رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی پۆلیسی نیویۆرک رایگەیاند، هیچ تیمێکی پاراستن بۆ هاوژینی زۆهران مەمدانی، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک دابین ناکەن لە کاتی گەشتە تایبەتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی پێشتر نووسینگەی سەرۆکی شارەوانی پێچەوانەی ئەمەی راگەیاندبوو.
رۆژی چوارشەممە، 12ی ئابی 2026، گوتەبێژێکی پۆلیسی نیویۆرک بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاند، "پۆلیسی نیویۆرک ئەفسەرانی خۆی رەوانەی ئەو وڵاتانە ناکات کە ئاستی چوارەمی هۆشداریی گەشتکردنیان لەسەرە، بەتایبەت بۆ مەبەستی گەشتی کەسی و ئارەزوومەندانە."
راما دووەجی، هاوژینی سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک پلانی هەیە لە مانگی ئەیلوولدا بۆ بینینی کەسوکاری سەردانی هەریەک لە سووریا و لوبنان بکات. هەردوو وڵات لە لیستی "گەشتی بۆ مەکە"ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادان بەهۆی مەترسییەکانی "تیرۆرەوە".
"هەڵە لە گواستنەوەی زانیاری"
پێشتر دۆرا پێکێک، گوتەبێژی مەمدانی رایگەیاندبوو، "لەسەر پێشنیازی پۆلیسی نیویۆرک، تیمی پاراستنی خانمی یەکەم لە گەشتەکەیدا بۆ سووریا و لوبنان یاوەری دەبن." بەڵام دوای ئەوەی پۆلیس رەتیکردەوە، سەرۆکی شارەوانی رووداوەکەی وەک "هەڵە تێگەیشتنێکی کارمەندانی نووسینگەکەی" وەسف کرد.
سکۆت مونرۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵەرانی پۆلیسی نیویۆرک، بە تووندی هێرشی کردە سەر ئەگەری ناردنی پۆلیس بۆ ئەو گەشتە و گوتی: "لێکۆڵەرانی ئێمە رۆژانە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ پاراستنی نیویۆرکییەکان. ئێمە بێدەنگ نابین ئەگەر داوا لە ئەندامەکانمان بکرێت بۆ گەشتی کەسی بچنە وڵاتێکی مەترسیدار؛ پۆلیسەکانی ئێمە لێرە لە ناو شاردا پێویستن بۆ شەڕی دژی تاوان."
پاشخانی مەمدانی و دژایەتیی پۆلیس
ئەم کێشەیە لە کاتێکدایە زوهران مەمدانی مێژوویەکی درێژی لە هێرشکردنە سەر پۆلیسی نیویۆرک هەیە. ئەو پێشتر لە پۆستەکانیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پۆلیسی بە "گەندەڵ و رەگەزپەرست" وەسف کردبوو و داوای بڕینی بودجەکەیانی کردبوو.
مەمدانی کە بە هەڵوێستە دژە ئیسرائیلییەکانی ناسراوە و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە "تاوانباری جەنگ" ناوبردووە، پێشتر لە کۆنفرانسێکدا بە شێوەیەکی سووکایەتیپێکردن پۆلیسی نیویۆرکی بە سوپای ئیسرائیل چواندبوو. ئەمەش بۆ پشاندانی ئەوەی کە وەکو ئەوان تووندوتیژن.
هەرچەندە مەمدانی لە کاتی کەمپەینی هەڵبژاردنەکەیدا بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی، هەڵوێستی خۆی گۆڕی و گوتی، نایەوێت بودجەی پۆلیس ببڕدرێت، بەڵام وا دیارە پەیوەندیی نێوان ئەو و دەزگا ئەمنییەکان هێشتا ئاڵۆزە.
هەفتەی رابردووش کاتێک مەمدانی ویستی لە مەراسیمێکی پشتیوانی لە پۆلیس لە ستاتن ئایلاند قسە بکات، لەلایەن ئامادەبووانەوە بە هوتاف لەسەر سەکۆکە هێنرایە خوارەوە.


.jpg&w=3840&q=75)