رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتینامەی وڵاتەکەی "بۆ فرۆشتن نییە" و رایگەیاند تەنیا لە ماوەی مانگێکدا ڤیزای زیاتر لە 600 بیانییان هەڵوەشاندووەتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی نوێی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ راماڵینی تۆڕەکانی "گەشتیاریی لەدایکبوون".
مارکۆ رۆبیۆ رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئاب، لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی بەناوی "رێگری لە گەشتیاریی لەدایکبوون" پێکهێناوە تاوەکو رێگری لەو بیانییانە بکات کە لە رێگەی ساختەکاری و فێڵکردن لە سیستەمی ڤیزاوە دەچنە ئەمریکا تەنیا بۆ ئەوەی منداڵەکانیان رەگەزنامەی ئەو وڵاتە وەربگرن.
رۆبیۆ گوتی: "تۆڕەکان قازانج لە پێشێلکردنی یاساکانی ئەمریکا دەکەن؛ ئەوان رێنوێنیی بیانییەکان دەکەن بۆ ساختەکاری، دابینکردنی نیشتەجێبوون و تەنانەت دروستکردنی بەڵگەنامەی ساختە. تەنیا لە یەک مانگدا، ڤیزای زۆرتر لە 600 بیانی لە سەرتاسەری جیهان هەڵوەشێندراوەتەوە."
ئەم هەڵمەتە نوێیە دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 6ـی ئابی 2026ـدا دوو فەرمانی نوێی واژۆ کرد. ئەم فەرمانانە وەک دەورەدانێکی یاسایی دەبینرێن دوای ئەوەی لە 30ـی حوزەیرانی رابردوودا دادگەی باڵای ئەمریکا بە زۆرینەی شەش بەرامبەر سێ دەنگ، هەوڵێکی پێشتری ئیدارەکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی وڵاتینامەی لەدایکبوون بۆ کۆچبەرانی نایاسایی رەتکردەوە.
بەپێی فەرمانە نوێیەکان، رێگری لە پێدانی وڵاتینامە دەکرێت بەو منداڵانەی کە لە دایک و باوکێکی سەر بەم سێ پۆلێنە لەدایک دەبن:
1-فەرمانبەرانی حکومەتە بیانییەکان و باڵیۆزخانەکان.
2-ئەو کەسانەی واشنتن وەک "دوژمنی بیانی" یان ئەندامی گرووپە تووندڕەوەکان پۆلێنیان دەکات.
3-ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی گەشتێکی بازرگانیی رێکخراو و تەنیا بە مەبەستی منداڵبوون چوونەتە خاکی ئەمریکا.
لە هەمان کاتدا، رێنمایی دراوەتە ئەفسەرانی کونسووڵخانەکان کە ڤیزای گەشتیاری بۆ هەر کەسێک رەتبکەنەوە کە گومانی ئەوەی لێبکرێت مەبەستی سەرەکیی گەشتەکەی منداڵبوونە لە ئەمریکا.
ئەم بڕیارانە دەستبەجێ کاردانەوەی رێکخراوەکانی لێکەوتەوە. رۆژی 11ـی ئابی 2026، یەکێتیی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمریکا (ACLU) لە دادگەیەکی فیدراڵیی ویلایەتی نیوهەمپشەر سکاڵای یاسایی دژی ئەم فەرمانانە تۆمار کرد و رایگەیاند، ئەم هەوڵانە پێشێلکردنی دەستوور و هەمواری 14ـەمینی ئەمریکان و دەبنە هۆی جیاکاری و پشکنینی نەگونجاوی ئەو ژنانەی کە دەیانەوێت گەشت بکەن.
ئیدارەی ترەمپ جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەم رێکارانە بۆ پاراستنی "پیرۆزیی وڵاتینامەی ئەمریکی" پێویستن.
بەگوێرەی ناوەندی توێژینەوەی پیو، ساڵانە نزیکەی 250,000 بۆ 300,000 منداڵ لە دایک و باوکی کۆچبەری بێبەڵگەنامە لە ئەمریکا لەدایکدەبن. ئەگەر لەگەڵ لەدایکبووانی هەڵگری ڤیزای کاتیی درێژخایەن کۆبکرێنەوە، لەدایکبووانی ئەو دوو گرووپە نزیکەی 9%ـی کۆی گشتیی لەدایکبوون لە ئەمریکا پێکدەهێنن.


