رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری کیشوەری ئەورووپا چاوەکانیان بەرەو ئاسمان بەرز دەکەنەوە بۆ بینینی یەکێک لە ناوازەترین دیمەنەکانی سروشت، کە ئەویش خۆرگیرانێکی تەواوەتی دەگمەنە و بەشێکی زۆری وشکانیی ئەورووپا دەگرێتەوە و بۆ ماوەیەکی کورت رۆژ دەکاتە شەو.
چاوەڕوان دەکرێت سەرەتا مانگ رێگری لە تیشکی خۆر بکات و تەنیا بازنەیەکی درەوشاوە لە ناوچە دوورەدەستەکانی جەمسەری باکووری رووسیا بەدیار بکەوێت، پێش ئەوەی سێبەرە ترسناکەکەی بەشێک لە گرینلاند و ئایسلاند دابپۆشێت.
جۆش و خرۆش لە ئیسپانیا
زۆرترین جۆش و خرۆش لە ئیسپانیایە، کە تێیدا گەشتیاران رژاونەتە سەر شەقام و گوندەکان بۆ بینینی ئەم دیاردە دراماتیکییە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشە سەرەکییەکەی کیشوەری ئەورووپا 20 ساڵە خۆرگیرانی تەواوەتی بەخۆوە نەبینیووە، ئیسپانیاش زیاتر لە سەدەیەکە چاوەڕوانی ئەم ساتەیە. شاری رێکیاڤیکی پایتەختی ئایسلاندیش لە ساڵی 1433وە خۆرگیرانی تەواوەتی لێ روونەداوە.
دیاردەیەکی کورتخایەن
خۆرگیرانی تەواوەتی زۆر کورت دەبێت؛ لە بەشێک لە رووسیا و گرینلاند تەنیا دوو خولەک و نیو دەخایەنێت. بۆ بینەران لە ئیسپانیاش، تەنیا دوو خولەک بەرلە ئاوابوونی خۆر (دەوروبەری کاژێر 9:25ی شەو بەکاتی هەولێر) دەخایەنێت. بەڵام خۆرگیرانی نیوەچڵ کە لە سەرەتا و کۆتایی پڕۆسەکەدا روودەدات، نزیکەی یەک کاژێر و 45 خولەک بەردەوام دەبێت.
زانایانی ناسا و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەورووپا راستەوخۆ رووداوەکە دەگوازنەوە، چونکە ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرگەهەوای خۆر، باکان و کایە موگناتیسییەکانی ئەو ئەستێرەیە.
کەشوهەوا و ئاستەنگەکان
لە ئایسلاند، ئەگەری بارانبارین و هەور لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوا هەیە، ئەمەش نیگەرانیی لای زانایان دروست کردووە. سێڤار هێلگی براگاسۆن، گەردوونناس لە رێکیاڤیک دەڵێت: "هیوادارم ئاسمان تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت روون بێتەوە تاوەکو بتوانین جوانترین و بێوێنەترین شەوی ژیانمان ببینین" (ئەم ساتە لە دەوروبەری کاژێر 08:45ی شەو بەکاتی هەولێر دەبێت).
لە بەرامبەردا، ئاسمان لە ئیسپانیا روون دەبێت، بەڵام نیگەرانی لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما هەیە کە لە هەندێک ناوچە 35 بۆ 40 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنێت، ئەمەش مەترسیی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی زیاد کردووە.
کاریگەرییە ئابووری و ئەمنییەکان
حکومەتی ئیسپانیا پێشبینی دەکات زیاتر لە 446 هەزار گەشتیار بەم بۆنەیەوە سەردانی وڵاتەکە بکەن، کە دەبێتە هۆی گەشەکردنێکی ئابووری بە بڕی 347 ملیۆن یۆرۆ (400 ملیۆن دۆلار). فێرناندۆ گرانیدێ-مارلاسکا، وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند، نزیکەی 25 هەزار ئەفسەری پۆلیس بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەم رووداوە خراونەتە دۆخی ئامادەییەوە.
خۆرگیرانەکانی داهاتوو
پێشبینیک دەکرێت خۆرگیرانێکی دیکەی تەواوەتی لە ئابی 2027دا لە باشووری ئیسپانیا و باکووری ئەفریقادا رووبدات. هەروەها لە ساڵی 2028دا خۆرگیرانێکی بازنەیی (کە بە بازنەی ئاگر ناسراوە) لە نیمچەدوورگەی ئیبیریا رووبدات.


