رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 49 هەزار کۆچبەر سنووریان بەزاندووە و رژاونەتە ناو خاکی سێوتای ئیسپانیا؛ هاوکات لانیکەم 18 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بەو خاکە گیانیان لەدەستداوە و بەرپرسانی ناوچەکەش دۆخەکە بە "قەیرانێکی مرۆیی مەترسیدار" وەسف دەکەن.
قەیرانی سنوورەکان لە رۆژی پێنجشەممە و شەوی رابردوودا گەیشتە لووتکە. تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئیسپانیا دیمەنی چەندین ئۆتۆمبێلی سووتاوی لە لایەنی مەغریبی سنوورەکە بڵاوکردەوە، کە بەهۆی پێکدادانەکانەوە سووتابوون.
بەپێی زانیارییەکان، هەزاران کۆچبەر، لەنێویاندا منداڵی بێسەرپەرشت، لە ناو پارک و پیادەڕۆەکاندا دەخەون و هەندێکی دیکەشیان بێ ئامانج لە ناو شەقامەکاندا دەسووڕێنەوە.
زۆربەی ئەو 18 کەسەی گیانیان لەدەستداوە لە ناو ئاودا خنکاون، بەشێکیشیان لە کاتی پاڵەپەستۆ بۆ بەزاندنی پەرژینی کەناراوەکە لە کەناری تەراخال گیانیان لەدەستداوە.
گرتە ڤیدیۆیەکان لێشاوێکی زۆری خەڵک نیشان دەدەن، زۆربەیان مەغریبین و بە دەوری پەرژینەکاندا دەسووڕێنەوە تاوەکو بگەنە ناو خاکی ئیسپانیا. هەرچەندە زۆربەیان گەنجن، بەڵام ژن و منداڵی بچووکیشیان لەگەڵدایە. تەنانەت هەندێکیان بە هاواری "بژی ئیسپانیا" خۆشیی خۆیان دەربڕیوە.
بەپێی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، درەنگی شەوی پێنجشەممە هەندێک کەس لە سێوتاوە بەرەو مەغریب گەڕاونەتەوە. تائێستا دەسەڵاتدارانی مەغریب و وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەمبارەیەوە نەداوە.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
ئەم رووداوە کاریگەریی لەسەر وڵاتانی دیکەی ئەورووپاش دروستکردووە. جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، هەرچەندە وڵاتەکەی هاوسنوور نییە لەگەڵ ئیسپانیا، بەڵام هەڕەشەی هەڵپەساردنی رێککەوتنی شنگنی لەگەڵ ئیسپانیا کرد و گوتی: "بۆ بەرگری لە سنوورەکانمان و دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتییانمان ئەم کارە دەکەین."
بەرپرسانی سێوتا پێشتر ئەم شەپۆلە نوێیەی کۆچبەرییان بەستبووەوە بە بڕیارێکی دادگەی باڵای ئیسپانیا کە لەم مانگەدا دەرچووە؛ بڕیارەکە رێگری لە دەسەڵاتداران دەکات دەستبەجێ ئەو کۆچبەرانە بنێرنەوە کە بە دەریا دەگەن، تاوەکو رێکاری یاساییان بۆ نەکرێت. بەڵام چالاکڤانان لە مەغریب گومانیان لەمە هەیە و دەڵێن زۆربەی کۆچبەرەکان ئاگاداری بڕیاری دادگە نین.
داواکاری بۆ باری نائاسایی
خوان جیسوس ڤیڤاس، سەرۆکی حکومەتی ناوچەیی سێوتا، داوای لە حکومەتی ناوەندیی مەدرید کردووە باری نائاسایی رابگەیێنێت و پۆلیس و سوپای زیاتر لەسەر سنوورەکان بڵاوە پێبکات. ئەو هۆشداریی دا کە سەنتەرەکانی وەرگرتنی کۆچبەران پێشتر و لە رۆژی چوارشەممەوە بە تەواوی پڕ بوون و چیدی توانای وەرگرتنی کەسی نوێیان نییە.
سێوتا، کە لە ساڵی 1580ـەوە لەژێر دەسەڵاتی ئیسپانیادایە، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و پێکهاتەی دانیشتووانەکەی تێکەڵەیەکە لە مەسیحی، موسڵمان، ئیسپانی و مەغریبی. کۆچبەران بۆ گەیشتن بەم ناوچەیە زۆرجار بە مەلە 3 میل (نزیکەی 5 کیلۆمەتر) لە شارۆچکەی فنێدقی مەغریبییەوە دەبڕن، یان لە ناوچەی بێلیۆنێشەوە کە ماوەکەی کەمترە، هەوڵی چوونە ناو خاکی ئیسپانیا دەدەن.



.jpg&w=3840&q=75)