رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، رووسیا ناوی باڤێڵ دۆرۆڤ، دامەزرێنەری ئەپلیکەیشنی تەلەگرامی خستە لیستی رەشی تیرۆریستان و تووندڕۆکانەوە. ئەم بڕیارە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە مۆسکۆ رایگەیاند، دەیەوێ دۆرۆڤ دەستگیر بکات، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی رێگەی بە هەواڵگریی ئۆکراینا داوە پلاتفۆرمەکەی بەکاربهێنێت.
باڤێڵ دۆرۆڤ کە تەمەنی 41 ساڵە و هەڵگری وڵاتینامەی فەرەنسی و ئیماراتییە، چەندین ساڵە لە دەرەوەی رووسیا دەژی. ئەو هاووڵاتییە پێشتریش چەندین جار لەگەڵ دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی تووشی کێشە بووە، چونکە مۆسکۆ دەیەوێ کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئینتەرنێتدا تووندتر بکات.
تەلەگرام یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی پەیوەندیکردن لە رووسیا. بەرپرسانی ئەو وڵاتە چەندین جار هەوڵیان داوە تەلەگرام رابگرن یان رێگری لە سەرکەوتنەکانی بکەن، ئەوەش بۆ ئەوەی دۆرۆڤ ناچار بکەن زانیاریی بەکارهێنەران رادەستی حکومەت بکات، یان خەڵک هان بدەن ئەپلیکەیشنە حکومییەکان بەکاربێنن کە سیستمی پاراستن و کۆدکردنیان لاوازە.
ئەم هەفتەیە دەزگای ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا (FSB) فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ دۆرۆڤ دەرکرد. هەرچەندە هێشتا روون نییە وڵاتانی دیکە پابەندی ئەو فەرمانە دەبن یان نا. ناوی دۆرۆڤ رۆژی پێنجشەممە لەنێو تۆماری ئەلیکترۆنیی رووسیا بۆ تیرۆریستان و تووندڕۆکان دەرکەوت، کە لەلایەن دەستەی چاودێریی دارایی رووسیاوە سەرپەرشتی دەکرێت.
ئەو کەسانەی ناویان لەم لیستەدا هەیە، چیدیکە ناتوانن هیچ مامەڵەیەکی دارایی لەنێو رووسیادا بکەن. مۆسکۆ زۆر لە نەیارە سیاسییەکانی بە تۆمەتی پشتگیریکردنی تیرۆر یان تووندڕۆیی دەخاتە نێو ئەم لیستەوە.
دەزگای ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا دەڵێ، تەلەگرام رێگری نەکردووە لە چالاکیی جۆرە بۆتێکی ژوانبەستن کە هەواڵگریی ئۆکراینا بەکاری دەهێنێت. بە گوێرەی مۆسکۆ، ئۆکراینا لە رێگەی ئەو بۆتەوە گەنجانی رووسیا هەڵدەخەڵەتێنێت بۆ ئەوەی کاروچالاکیی "تیرۆریستی و تێکدەرانە" بکەن. تاوەکو ئێستا باڤێڵ دۆرۆڤ هیچ لێدوانێکی لەبارەی ئەم تۆمەتانەوە نەداوە.



