رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر ژاپۆنی گرتەوە، حکومەتی ئەو وڵاتە دەڵێ، تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی 28 کەس پشتڕاست کراوەتەوە.
نوێترین ئاماری فەرمانگەی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە ناوچەی (کومامۆتۆ) دەریدەخات، دوو رۆژ دوای بوومەلەرزەکە کە گوڕەکەی 7.1 پلەی رێختەر بووە، 28 کەس مردوون.
لەلایەکی دیکەوە، سەدان کارمەندی فریاگوزاری بەردەوام بوون لە هەوڵەکانیان بۆ گەڕان بەدوای رزگاربوواندا لە نێو داروپەردووی مۆڵی (ئیۆن) لە ناوچەی کاشیما لە هەرێمی کومامۆتۆ لە باشووری رۆژئاوای ژاپۆن.
بەرپرسێکی فەرمانگەی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی کومامۆتۆ رایگەیاند: "لە مۆڵەکەدا 10 کەسمان دەرهێناوە. لەو ژمارەیە گیانلەدەستدانی چوار کەسیان پشتڕاست کراوەتەوە، کەسێکی دیکەش پێناچێت لەژیاندا مابێت [بەڵام پشتڕاست نەکراوەتەوە]، پێنج کەسەکەی دیکەش برینەکانیان سەخت و سووکن."
بوومەلەرزەکەی رۆژی سێشەممە زیانێکی گەورەی بە دوورگەی (کیوشو) گەیاندووە، چەندین ماڵی خاپوور کردووە، زیانی بە پردەکان گەیاندووە و ئاگری لێکەوتووەتەوە، هەروەها دەیان هەزار دانیشتووی بێ کارەبا و ئاو هێشتووەتەوە.
لە دوای بوومەلەرزە سەرەکییەکەوە، زنجیرەیەک پاشلەرزە ناوچەکەیان هەژاندووە، ئەمەش زیاتر دانیشتووانی ناوچەکەی لەنێو گەرمایەکی تووندی هاویندا تووشی دڵەڕاوکێ کردووە، کە پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما بگاتە 35 پلەی سیلیزی و هۆشداریی گەرما لێدانیش دراوە.
دوای بوومەلەرزەکە مۆڵەکە چۆڵکرا، بەڵام دوای نزیکەی 50 خولەک بەهۆی تەقینەوەیەکی گەورەوە وێران بوو، لە کاتێکدا هێشتا ژمارەیەکی نادیار لە کارمەندان لە ژوورەوە بوون.
تاوەکو بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، زیاتر لە 22 هەزار و 670 ماڵ و دامەزراوە هێشتا بێ کارەبا بوون. هەروەها تاوەکو رۆژی چوارشەممە نزیکەی 84 هەزار ماڵ کێشەی بێئاوییان هەبووە. ڤیدیۆکانی تەلەڤزیۆنیش خەڵکیان نیشان دەدا کە بۆ بەنزین و ئاوی خواردنەوە لە نۆرەدا وەستاون.
دەستەی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا (USGS) گوڕی بوومەلەرزەکەی بە 6.8 پلە دیاری کردووە، بەڵام بەپێی پێوانەی ژاپۆن 7.1 پلە بووە.
ژاپۆن یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین بوومەلەرزەی لێ روودەدات و دەکەوێتە سەر چوار پلێتی سەرەکیی تێکتۆنی لە کەنارەکانی رۆژئاوای "ئەڵقەی ئاگر" لە زەریای هێمن.
لە ساڵی 2016ـدا شاری کومامۆتۆ بەر دوو بوومەلەرزەی وێرانکەر کەوت، کە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی 273 کەس و برینداربوونی زیاتر لە دوو هەزار و 800 کەسی دیکە.
ساڵانەش بە سەدان بوومەلەرزە لەو وڵاتەدا روودەدەن، هەرچەندە زۆربەیان سووکن. بەڵام ژاپۆنییەکان هێشتا بیرەوەریی تاڵی بوومەلەرزە و سوونامییەکەی ساڵی 2011ـیان لەبیرە کە بووە هۆی مردن و بێسەروشوێنبوونی نزیکەی 18 هەزار و 500 کەس و وێرانکردنی وێستگەی ئەتۆمیی فۆکوشیما.


