رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رەخنە لە پێدانی پارە لەلایەن وڵاتەکەیەوە بە عێراق دەگرێت و دەڵێت، واشنتن پارە دەداتە بەغدا و ئەویش وەکو مووچە دەیداتە ئەو هێزانەی هێرشدەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا؛ دەشڵێت، پێویستە پێدانی پارەکە رابگیرێت یان مەرجدار بکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، جۆ ویڵسن، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "ئەمریکا بودجە بۆ حکومەتی عێراق دابین دەکات کە مووچەی حەشدی شەعبی دەدات، لە کاتێکدا میلیشیاکانی سەر بە ئێران هێرش دەکەنە سەر هێزەکانمان. دەبێت ئەمە رابگیرێت".
پارەی فرۆشی نەوتی عێراق لە بانکی فیدراڵی نیویۆرک هەڵدەگیرێت و مانگانە واشنتن بڕێک لەو پارەیە بۆ بەغدا دەنێرێت.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵێت، "سوپاسگوزارم کە یاسای رێپێدانی بەرگریی نیشتمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەو بڕگەیەی منی تێدا جێگیر کردووە بۆ بڕینی بودجەی عێراق، مەگەر ئەوەی هەموو میلیشیاکانی سەر بە ئێران چەکبکەن، هەڵیانوەشێننەوە و جارێکی دیکە (لەنێو هێزە نیشتمانییەکاندا) تێکەڵیان بکەنەوە."
ئەو گوتانەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە کاتێکدان بەیانیی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیە چەندین بارەگای حەشدی شەعبییان لە حەوت پارێزگای عێراق بۆردوومان کرد. بەگوێرەی دەستەی حەشدی شەعبی، لە ئەنجامی هێرشەکاندا لانیکەم 20 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و 32ـی دیکەش بریندار بوون.
هێرشەکەی سعودیە و ئەمریکا بۆ سەر ئەو گرووپانە دوای ئەوە هات کە سعودیە تۆمەتباری کردن بە هێرشکردنە سەر ژمارەیەک کێڵگەی نەوت لە رۆژهەڵاتی سعودیە.
شوباتی ئەمساڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکە، بەشێکی گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە بە نزیک لە ئێران دادەنرێن هێرشیانکردە سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ.

