رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر چەند کۆمپانیایەکدا سەپاند کە بەگوتەی وەزارەتەکە، تۆڕێکی سەرانەوەرگرتنیان لە تەنگەی هورمز دروستکردووە و کەشتییە بازرگانییەکان ناچار دەکەن "دڵنیایی دەریایی" بکڕن؛ وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، "رێگە نادەین تاران بازرگانیی جیهانی بە بارمتە بگرێت."
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، رێکاری تووندی دژی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گرتەبەر کە دەیەوێت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە کورتهێنانی ئابوورییەکەی پڕ بکاتەوە.
سزاکان دوو کۆمپانیای سەرەکی و ژمارەیەک کەشتیی "کەشتیگەلی سێبەر"یان گرتووەتەوە کە بەگوێرەی وەزارەتەکە هاوکاریی دارایی سوپای پاسداران دەکەن.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لە کاتێکدا ئابوورییەکەیان لە داڕماندایە و هەڵاوسان گەیشتووەتە سێ ژمارەیی، رژێمی ئێران تینووی پارەیە. ویلایەتە یەکگرتووەکان رێگە نادات ئێران بازرگانیی جیهانی بە بارمتە بگرێت یان کەشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی دارایی تیرۆر و دەستدرێژییەکانی سوپای پاسداران بەکاربهێنێت."
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی گەنجینە، "ئێران دوو قەوارەی بە ناوەکانی کۆمپانیای دڵنیایی دەریایی کەنداوی عەرەبی و دەسەڵاتی خزمەتگوزارییە دەریاییە پارێزراوەکانی هورمز دامەزراندووە. ئەم تۆڕە کەشتییە بازرگانییەکان ناچار دەکات پارە بدەن بۆ ئەوەی لە مەترسیی دەستبەسەرداگرتن پارێزراو بن، لە کاتێکدا خودی ئێران خۆی ئەو مەترسییانە بۆ سەر کەشتییەکان دروست دەکات."
وەزارەتەکە دەڵێت، تۆڕەکە تەنانەت دراوی دیجیتاڵیی وەک "بیتکۆین" بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی لە سزاکان خۆی لابدات. هەروەها بابەک مورتەزا زنجانی، بازرگانی ناسراوی ئێرانی، یەکێک بووە لەو کەسانەی بانگەشەی بۆ ئەم پرۆژەیەی سوپای پاسداران کردووە.
وەزارەتی گەنجینە سزای بەسەر هەشت کەشتی و چەند کۆمپانیایەکدا سەپاند کە بەگوتەی وەزارەتەکە ملیۆنان بەرمیل نەوتی ئێرانییان بە قاچاخ گواستووەتەوە:
کۆمپانیای شی هانگ شیپ مانەجمێنت کە بنکەکەی لە چینە و خاوەنی کەشتیی ویڵ سەیڵە کە نەوتی بۆ ئیمارات گواستووەتەوە.
کۆمپانیای کۆنفدێنت ئەپیکس بنکەکەی لە هۆنگ کۆنگە و خاوەنی کەشتیی لیلییە.
کۆمپانیای بلیۆن نیوسس خاوەنی کەشتیی ئەل سەلامییە کە نەوتی بۆ چین گواستووەتەوە.
کۆمپانیای ناڤادا سپیرێت خاوەنی کەشتیی بریزی شەشەمە.
کۆمپانیای مارینۆڤا فرایت خاوەنی کەشتیی ناتزیومە کە لە 2022ـەوە نەوتی ئێران دەگوازێتەوە.
کۆمپانیاکانی دیکەی وەک ڤاست، ئایتی، ئۆشن ترانکواڵتی و برانچ سەینگ کە خاوەنی کەشتییەکانی کریستاڵ نیریت و یهۆپنن.
بەگوێرەی بڕیارەکە، هەموو سەروەت و سامان و بەرژەوەندییەکانی ئەم کۆمپانیا و کەشتییانە لەنێو خاکی ئەمریکا یان لەژێر دەستی ئەمریکیدا بێت، بلۆک دەکرێن. وەزارەتی گەنجینە هۆشداری دەدات کە هەر لایەنێک مامەڵە لەگەڵ ئەم سزادراوانەدا بکات، خۆی رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە.
ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ـی ئیدارەی ئەمریکا دەبینرێت بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی سوپای پاسداران و پاراستنی رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان لە هەڕەشەکانی تاران.



