رووداو دیجیتاڵ
حوشترەکان بەوە ناسراون کە "کەشتیی بیابانن"، بەڵام تەنانەت ئەم ئاژەڵە خۆڕاگرانەش لە کاریگەرییە تووندەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەفریقا بێبەش نەبوون.
هەرێمی ئافار لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەسیوپیا یەکێکە لە گەرمترین و وشکترین شوێنەکانی سەر زەوی. عەلی عومەر، کە حوشترەوانێکی لە ناوچەی سێمێرایە لە ئافار، بە بی بی سی راگەیاند: "دەبینم حوشترەکانم بەهۆی گەرمایەکی زۆرەوە دەناڵێنن."
ئەو شوانە تەمەن 40 ساڵە، کە خاوەنی نزیکەی 500 حوشترە، دەڵێت: "پێیەکانیان بڵق دەکەن، چاوەکانیان ئاوی لێ دێت و لمیش پێستیان دەسووتێنێت و کاتێک دادەنیشن مووەکانیان هەڵدەوەرێنێت"؛ هەروەها گوتی: "مانگی رابردوو بەهۆی گەرماوە هەشت بەچکە حوشترم لەدەستداوە، گەرماکە زۆر تووندتر و سەختتر بووە."
عەلی ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم ساڵانەی دواییدا هەستی بەم گۆڕانکارییە خێرایانەی پلەی گەرما کردووە و گوتی: "تەنانەت ئەو بایەی کە پێشتر هەوای فێنکی دەهێنا، ئێستا گەرما لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت."
تەنیا عەلی نییە کە هەستی بەم گۆڕانکارییانە کردووە؛ زانایان، چالاکڤانانی مافی ئاژەڵان و چەندین توێژینەوەی جیاواز ئاماژە بەوە دەکەن کە گوشار، ماندوێتی، وشکبوونەوە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان دەرئەنجامی راستەوخۆی گەرمایەکی لەڕادەبەدەرن. هاوکات، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئاو، کەمبوونەوەی رووەک و ناوچە سێبەرەکان، کە ئەمەش زیاتر ئازاری حوشترەکان دەدات.
باکووری ئەفریقا و قۆچی ئەفریقا نزیکەی 80٪ی ژمارەی حوشترەکانی جیهان لەخۆدەگرن. بەدرێژایی ساڵان، جووتیاران و ئاژەڵداران لەم ناوچانە بەهۆی بەرگەگرتنی ئەم ئاژەڵانە بۆ گەرمای سەخت و وشکەساڵی، روویان لە بەخێوکردنیان کردووە.
بەڵام توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 2025دا لەبارەی تێڕوانینی حوشترەوانەکانی باشووری ئەسیوپیاوە بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە بەرزی پلەی گەرما و گۆڕانی ئاوهەوا کاریگەریی وێرانکەری لەسەر تەندروستیی حوشترەکان هەبووە و تێیدا هاتووە: "بەشداربووان رایانگەیاندووە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر تەندروستی، بەرهەمهێنان و توانای زاوزێی حوشترەکان هەبووە."
لە سۆماڵی دراوسێش، دۆخەکە مەترسیدارتر دەردەکەوێت. توێژینەوەیەک کە لە مانگی حوزەیراندا بڵاوکراوەتەوە دەریخستووە، مرداربوونی حوشتر بەهۆی وشکەساڵییەوە بووەتە قەیرانێکی بەربڵاو و کاریگەری لەسەر نزیکەی 46٪ی ئەو خێزانانە داناوە کە خاوەنی وشترن.
لە توێژینەوەکەدا کە نزیکەی شەش هەزار خێزانی ئاژەڵداری لەخۆگرتبوو، دەرکەوتووە رێژەی مرداربوون لە ناوچەکانی باکوور چڕبووەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەی سوول کە رێژەیەکی شۆکهێنەری تۆمارکردووە و گەیشتووەتە 73٪.
شارەزایان دەڵێن، گەرمای لەڕادەبەدەر هۆکاری سەرەکیی وشکەساڵییە لە ناوچەکەدا، هەرچەندە هۆکارەکانی دیکەی وەک نەبوونی خزمەتگوزاریی ڤێتێرنەری و خراپیی بەڕێوەبردنی ئاژەڵداری دۆخەکە خراپتر دەکەن.
حەسەن نویا گویۆ، بەرپرسی ڤێتێرنەری لە ناوچەی مارسابیت لە باکووری رۆژهەڵاتی کینیا لەسەر سنووری ئەسیوپیا، بە بی بی سی راگەیاند: "ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی حاڵەتەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەشی حوشترەکانین کە بەهۆیەوە تووشی چەندین جۆری هەوکردن دەبن. لە دوو ساڵی رابردوودا، بەهۆی گەرمای زۆرەوە رێژەی مرداربوونی حوشتر لە ناوچەکەمان زیاتر لە 15٪ زیادیکردووە."
چیرۆکێکی هاوشێوەش لە باکووری ئەفریقا هەیە. توێژینەوەیەک کە ئەمساڵ لە جەزائیر بڵاوکراوەتەوە، زیادبوونێکی بەرچاوی لە مرداربوونی حوشتر لە کاتی شەپۆلەکانی گەرمای هاویندا دەخاتە روو.
رێکخراوی کەشناسیی جیهانی رایدەگەیێنێت، رووداوەکانی گەرمای لەڕادەبەدەر بوونەتە دیاردەیەکی باو لە چەندین وڵاتی باکووری ئەفریقادا و لە ساڵی 1981ـەوە شەپۆلەکانی گەرما روویان لە زیادبوون کردووە.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، چەندین وڵات لە ناوچەکە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ساڵی 2024دا پلەی گەرمای سەروو 50 پلەی سیلیزییان تۆمارکردووە. هەروەها لە راپۆرتی رەوشی کەشوهەوای ئەفریقا بۆ ساڵی 2025دا هاتووە کە باکووری ئەفریقا خێراترین گەرمبوونی لە نێوان شەش ناوچە دیارەکانی جیهاندا تۆمارکردووە، کە لە نێوان ساڵانی 1991 بۆ 2025دا، بۆ هەر دەیەیەک بە تێکڕا 0.43 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە.
شارەزایان دەڵێن، حوشترەکان دەتوانن بە ئاسانی بەرگەی گەرمایەک بگرن کە دەگاتە نزیکەی 40 پلەی سیلیزی، ئەویش لە رێگەی رێگەدان بە گۆڕانی پلەی گەرمای لەشیان بۆ چەند پلەیەک بەدرێژایی رۆژ بۆ گونجان لەگەڵ پلەی گەرمای دەرەوەدا، بەڵام کاتێک لەوە بەرزتر دەبێتەوە رووبەڕووی کێشە دەبنەوە.
د. محەممەد بەنگوومی، زانا لە رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پسپۆڕە لە تەندروستیی حوشتر و لە باکووری ئەفریقا کار دەکات دەڵێت: "لەکاتێکدا حوشترەکان دەتوانن بەرگەی گەرما بگرن، بەڵام کاتێک پلەی گەرما لە سنووری ئاسوودەیی خۆیان تێدەپەڕێت، تووشی گوشاری گەرما دەبن." ئەو بە تۆڕی بی بی سی گوت: "لە زۆر بەشی بیابانی گەورەدا، ئێستا زۆرجار پلەی گەرمای هاوین لە 50 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێت، ئەمەش مەترسیی گوشاری گەرمای تووند زیاد دەکات، بەتایبەتی کاتێک کە هاوکاتە لەگەڵ کەمبوونەوەی رووەک، کەمیی ئاو و نەبوونی سێبەر."
پرۆفیسۆر عەبدولمەجید چەهما لە زانکۆی غەردایە لە جەزائیر، کە تاقیکردنەوەی لەسەر حوشترەکان لە بیابانی گەورەدا کردووە، دەرەنجامی هاوشێوەی هەیە و دەڵێت: "کارەکانمان دەریدەخەن کە گەرمای بەردەوامی شەو و رۆژ لە سەرووی 41 بۆ 45 پلەی سیلیزییەوە راستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر خانەکانیان. سیستمی بەرگرییان تووشی کێشە دەبێت و بەهۆی گوشارەوە خرۆکە سپییەکانی خوێن زیانیان بەردەکەوێت، خانەکان ناتوانن خۆیان نوێ بکەنەوە و لە کۆتاییدا لەناو دەچن."
بۆ حوشترەکان ئەمە بەو واتایە دێت کە کاتێک تووشی گوشاری گەرما دەبن، زیندەچالاکییەکانیان خاو دەبێتەوە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی گەرمیی ناوخۆیی، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و دروستبوونی ماندوێتییەکی گشتی. ئەوەش دەبێتە هۆی دابەزینی بەرهەمهێنانی شیر و تێکچوونی توانای زاوزێ.
پرۆفیسۆر محەممەد ئەلخاسمی، شارەزای هایدرۆبایۆلۆژیای ئاژەڵ لە زانکۆی کازابلانکا لە مەغریب، لیستێکی درێژی لەو کاریگەرییانەی گوشاری گەرما خستووەتەڕوو کە خۆی و تیمەکەی لەسەر حوشترەکان بینیویانە، لەوانە: لەدەستدانی کێش، هەوکردن، نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ماسولکە و ئێسک، ناهاوسەنگیی کیمیایی بەهۆی تێکچوونی کاری گورچیلە و نەخۆشییە درمەکانی هۆکارەکەیان مشەخۆرەکانن.
شارەزایان دەڵێن، لەکاتێکدا گەرمای لەڕادەبەدەر هۆکاری سەرەکییە، بەڵام کاریگەرییەکانی کاتێک تووندتر دەبن کە فاکتەرەکانی دیکەی وەک لەدەستدانی رووەک و ئاو، نەبوونی ناوچەی سێبەر و کەمیی خزمەتگوزارییە ڤێتێرنەرییەکان یەکدەگرن. بەهۆی ئەم دۆخەوە، زۆر لە ئاژەڵدارانی ئەسیوپیا حوشترەکانیان لە ناوچەکانی باکوورەوە، کە لە رووی مێژووییەوە زێدی ئەم ئاژەڵانەن گواستووەتەوە بۆ باشوور، کە رێژەیەک ئاو و رووەکی لێیە.
دانیال گەلان، پرۆفیسۆر و توێژەری گەشەپێدانی ئاژەڵداری لە زانکۆی ڤیژن لە ئەسیوپیا دەڵێت: "ئەمە جووڵەی وەرزیی شوانەکان نییە. ئەوان بە یەکجاری ناوچەی باکوور جێدەهێڵن، چونکە بەهۆی گەرمای سەخت و وشکەساڵییەوە چیدیکە ناتوانن لەوێ وشتر بەخێو بکەن."
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی خێرخوازیی ئۆکسفام، ناوچەی قۆچی ئەفریقا تازە خەریکە لە درێژترین و سەختترین وشکەساڵیی تۆمارکراوی نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2023 چاکدەبێتەوە، بەڵام ئێستا رووبەڕووی قۆناخێکی دیکەی سەختی بووەتەوە. رێکخراوەکە ئاشکرای کردووە کە نرخی ئاو لە هەندێک ناوچەی سۆماڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە زیاتر لە 2,000٪ بەرزبووەتەوە.
عومەر، شوانەکەی هەرێمی ئافار، ترسی خۆی لەوە دەربڕی کە هەر ساتێک بێت بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەک دەست بکات بە لەناوبردنی حوشترە پێگەیشتووەکانی.
بە گوتەی پرۆفیسۆر چەهما، ئەم نیگەرانییە لە جێی خۆیدایە و دەڵێت: "لەکاتێکدا کە حوشترەکان وەک دوایین هێڵی بەرگریی ئاژەڵداران لە دژی بیابان دەمێننەوە، بەڵام چڕیی بێپێشینەی شەپۆلەکانی گەرمای ئێستا راستەوخۆ هەڕەشە لە کارە سەرەکییەکانیان دەکات و ئەم ئاژەڵە مێژووییە خۆڕاگرە دەکاتە قوربانییەکی گۆڕانی کەشوهەوا."



