رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە دیپلۆماتەکانی وڵاتەکەی کردووە، هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ راماڵینی ئەو دەنگۆیانەی باس لە هەبوونی "کلیلی پچڕێنەر" لە تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکردی ئەمریکیدا دەکەن؛ رۆبیۆ جەخت دەکاتەوە لەوەی واشنتن "دوگمەیەکی جادوویی" بۆ پەکخستنی ئەو بەرهەمە تەکنەلۆژییانەی نییە، کە بە هاوپەیمانەکانی دەفرۆشێت.
میدیاکانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026 رێنماییەکی نهێنیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای بڵاوکردەوە کە رۆژی 16ـی تەممووز بۆ نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا لە جیهاندا نێردراوە، تێیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە لەوەی: "ئەم قسەوباسانەی لەسەر پەکخستنی تەکنەلۆژییەکانی ژیریی دەستکردی ئەمریکی دەکرێن زێدەڕۆییان تێدایە و گوزارشت لە راستیی سیاسەتی تەکنەلۆژیای ئەمریکا ناکەن."
ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە دوای ئەوە هات، حکومەتی ئەمریکا لە 12ـی حوزەیرانی رابردوودا، بۆ ماوەیەکی کاتی رێگری لە بیانییەکان کرد دەستیان بە پێشکەوتووترین مۆدێلەکانی کۆمپانیای (ئەنترۆپیک) بەناوەکانی (میسۆس) و (فەیبڵ)، بگات. هەرچەندە بڕیارەکە دواتر هەڵگیرا، بەڵام کاریگەرییەکانی ماونەتەوە و وایکرد هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا و ئاسیا نیگەران بن لەوەی واشنتن لە هەر ساتێکدا بییەوێت، دەتوانێت دەستگەیشتنیان بە تەکنەلۆژیاکە ببڕێت.
کریستۆف گرودلەر، پەرلەمانتاری ئەورووپا، پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەم رووداوە دەریخست: "ئەمریکا دوگمەیەکی راستەقینەی پچڕاندنی بەسەر تەکنەلۆژیا نایابەکانی خۆیەوە هەیە و ئامادەی بەکارهێنانیشیەتی." هەروەها ئاورا سالا، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا، جەختی کردەوە لەوەی ئەورووپا ناتوانێت ژێرخانی تەکنەلۆژیای خۆی لەسەر بنەمایەک بونیاد بنێت کە: "حکومەتێکی بیانی بتوانێت بە شەوێک بیپچڕێنێت."
مارکۆ رۆبیۆ لە رێنماییەکەیدا دیپلۆماتەکانی راسپاردووە، دژی دەستپێشخەرییەکانی "سەروەریی دیجیتاڵی" بوەستنەوە و بە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بڵێن کە هەوڵدان بۆ دروستکردنی سیستەمی "ژیریی دەستکردی نیشتمانی" و رکابەرایەتیکردنی ئەمریکا، تەنیا "بەفیڕۆدانی کات و سەرچاوەکانە." لە رێنماییەکەدا هاتووە: "کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەتوانن ژێرخانێکی گەورە و سەربەخۆ و پارێزراو بونیاد بنێن... ئەوان دروستی دەکەن، بەڵام هی ئێوەیە (هاوپەیمانەکانە)."
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی فەرمانی سەرۆکایەتییەوە، کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی پابەند کردووە بەوەی بەرهەمە هەرە پێشکەوتووەکانیان بەر لە بڵاوکردنەوە، بۆ ماوەی 30 رۆژ رادەستی حکومەت بکەن بۆ پشکنینی ئاسایشی سایبەری.
لە کاتێکدا جەنگی ئێران و قەیرانەکانی وزە جیهانیان رووبەڕووی نادڵنیایی کردووەتەوە، پرسی کۆنتڕۆڵکردنی ژیریی دەستکرد بووەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و برۆکسل. ئەورووپا هەوڵ دەدات لە رێگەی یاسای "چیپس 2.0" و پڕۆژە نیشتمانییەکانەوە پاشکۆیەتیی خۆی بۆ کۆمپانیاکانی وەک (ئۆپن ئەی ئای) و (ئەنترۆپیک) کەم بکاتەوە، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا هەوڵدەدات پێگەی خۆی وەک تاقە دابینکاری "ژیریی دەستکردی باڵا" لە جیهاندا بپارێزێت.



