رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، کە یەکێکە لە بەنرخترین خەڵاتەکانی جیهان، بەخشرایە ناڤی پیلای، دادوەر و دەنگی دیاری مافەکانی مرۆڤ لە ئەفریقای باشوور، بەهۆی "هەوڵەکانی بۆ برەودان بە ئاشتی و یاسای نێودەوڵەتی و رۆڵی بەرچاوی لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی جەنگ، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید." بەڵام ئەم بڕیارە کاردانەوەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و ئیسرائیلەوە لێکەوتەوە.
پیلای تەمەن 85 ساڵ، کچی شۆفێرێکی پاس بووە و لە خێزانێکی بە رەچەڵەک تامیلی [خەڵکی باشووری هیندستان] لەدایکبووە.
پیلای ژیانی پیشەیی خۆی تەرخانکردووە بۆ بەرگریکردن لە یاسای نێودەوڵەتی. سەرەتای کارەکانی لە شاری دێربانی ئەفریقای باشوور دەستپێکرد، نووسینگەی پارێزەریی تایبەت بە خۆی کردەوە و بەرگریی لە چالاکڤانانی دژی سیستەمی ئاپارتهاید (جیاکاریی رەگەزی) کرد، لە نێویانیشدا نێڵسن ماندێلا.
دوای ئەوە، پیلای لە چەندین پۆستی باڵای نێودەوڵەتیدا کاری کردووە، لەوانە:
•دادوەر و دواتر سەرۆکی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی بۆ رواندا دوای جینۆسایدی ساڵی 1994.
•کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2008 بۆ 2014.
•دادوەر لە دادگای نێودەوڵەتیی تاوان (ICC).
•سەرۆکی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پار گەیشتە ئەو دەرەنجامەی جینۆساید لە غەززە کراوە.
•ئێستاش دادوەرە لە دادگای نێودەوڵەتیی داد، لەو دۆسیەیەی کە تێیدا میانمار بە جینۆساید تۆمەتبارە.
یۆرگن ڤاتنێ فریدنێس، سەرۆکی لیژنەی نۆبڵی نەرویجی لە ئۆسلۆ رایگەیاند، پیلای "رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە دڵنیابوون لەوەی تاوانەکانی جەنگ، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید دادگایی دەکرێن." لیژنەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "سەربەخۆیی، شارەزایی و پێداگریی پیلای وایکردووە ببێتە یەکێک لە رێزلێگیراوترین یاساناسە نێودەوڵەتییەکانی سەردەمی ئێمە."
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێرشی کردە سەر بڕیارەکە و بە "ئابڕووبەرانە و شەرمەزارکەر" لە قەڵەمی دا، چونکە خۆی خواستی وەرگرتنی خەڵاتەکەی هەبوو. چەند کاژێرێک دوای راگەیاندنی خەڵاتەکەش، ئەمریکا سزای نوێی بەسەر دادگەی نێودەوڵەوتیی تاواندا سەپاند، کە بووە هۆی سەرکۆنەکردنی خێرای لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەندامی دادگەکەوە.
ئیسرائیلیش بەتووندی سەرکۆنەی خەڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، پێدانی ئەم خەڵاتە بە پیلای، رەوایەتی بە "رقی دژە ئیسرائیل" دەدات، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، لیژنەی نۆبڵ "قیبلەنمای ئەخلاقیی خۆی لەدەستداوە."
وەزارەتی دەرەوەی فەلەستین پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و رایگەیاند، رێزلێنانە لە "هەموو ئەوانەی بۆ بەرگریکردن لە یاسای نێودەوڵەتی و دادپەروەری بە پتەوی وەستاون."
نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرکردەکانی جیهان پێشوازییان لەم بڕیارە کرد. ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پیلای بە "دەنگێکی پتەو و سەربەخۆی دادپەروەری" باس کرد.
ڤۆلکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپاش ستایشی ئازایەتی ئەویان کرد. هەروەها سیریل رامافۆسا، سەرۆکی ئەفریقای باشوور و دامەزراوەی نێڵسن ماندێلاش پیرۆزباییان لێکرد.
بڕیارە خەڵاتەکە، کە پێکدێت لە مەدالیایەکی زێڕ، بڕوانامەیەک و بڕی 12 ملیۆن کرۆنی سویدی (نزیکەی 1.2 ملیۆن دۆلار)، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا لە 10ـی کانوونی یەکەمی 2026 لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج پێشکێشی پیلای بکرێت.

