رووداو دیجیتاڵ
جێف بێزۆس، دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمازۆن دەڵێت، ژیریی دەستکرد دەکرێت شێوازی کارکردن بە تەواوی بگۆڕێت، بەجۆرێک هەندێک لە کارمەندان بتوانن تەنیا بە سێ رۆژ کارکردن لە هەفتەیەکدا ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن و بژێویی خێزانەکانیان دابین بکەن.
لە هەڤپەیڤینێکی نوێیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، بێزۆس باسی لەوە کردووە، زیادبوونی ئاستی بەرهەمداری بەهۆی ژیریی دەستکردەوە دەتوانێت خۆشگوزەرانی و بووژانەوەی ئابووریی زیاتر بهێنێتە ئاراوە، ئەمەش دەرفەت بە خێزانەکان دەدات لە جیاتی چەند سەرچاوەیەک، تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات ببەستن.
ئەم دیدگایەی بێزۆس لە کاتێکدایە، کۆمپانیای ئەمازۆن پلانی هەیە لە ساڵی 2026ـدا نزیکەی 200 ملیار دۆلار وەبەرهێنان بکات، کە بەشێکی زۆری پەیوەستە بە کەرتی تەکنەلۆژیا و ژێرخانی ژیریی دەستکردەوە. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیاکە لە کۆتایی ساڵی 2025ـەوە نزیکەی 30 هەزار هەلی کاری لە بەشە کارگێڕییەکانیدا کەمکردووەتەوە.
هاوکات ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلاش پێشبینی ئەوەی کردووە پێشکەوتنەکانی بواری ژیریی دەستکرد و رۆبۆتەکان لە ماوەی 10 بۆ 20 ساڵی داهاتوودا کارکردنی مرۆڤ بکەنە پرسێکی ئارەزوومەندانە.
سەرەڕای ئەم لێدوانانە، شارەزایان پێیان وایە ئەمانە تەنیا پێشبینین نەک ئەنجامێکی مسۆگەر و، لە ئێستاشدا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، ئایا بەرزبوونەوەی بەرهەمداری دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کاژێرەکانی کار و بەرزبوونەوەی ئاستی بژێویی خەڵکی ئاسایی، یان بە پلەی یەکەم دەبێتە هۆی زیادکردنی قازانجی کۆمپانیا گەورەکان؟.

