رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، ئابووری و سوپای ئێران بەهۆی شەڕەوە تێکشکاون و وڵاتەکە لە کێشەیەکی گەورەدایە. روبیۆ جەختی کردەوە واشنتن هێشتا بۆ دیپلۆماسی ئامادەیە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن تاران تەنگەی هورمز کۆنترۆڵ بکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئاسیان (ASEAN) لە فلیپین بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئێران لە 20 ساڵی رابردوودا هەموو سەرمایەی وڵاتەکەی بۆ گرووپە چەکدارەکان، درۆن و مووشەک خەرج کردووە، لەبری ئەوەی بۆ خزمەتی خەڵکەکەی بەکاریبهێنێت. روبیۆ گوتی: "زیانێکی یەکجار زۆر بەر ژێرخانە سەربازییەکەیان کەوتووە."
دیپلۆماسی و تەنگەی هورمز
سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕ، روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد ئەمریکا هێشتا دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە و گوتی: "ئێمە بۆ دیپلۆماسی ئامادەین،" بەڵام هۆشداری دایە تاران رێگە نادەن رێڕۆ ئاوییە نێودەوڵەتییەکان کۆنترۆڵ بکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە هەوڵەکانی ئێران بۆ دیاریکردنی ئەوەی چ کەشتییەک تێپەڕێ و کامەیان رێگەی پێنەدرێ، "قبووڵنەکراوە."
روبیۆ داوای لە وڵاتانی دیکەی جیهانیش کرد کە هەمان هەڵوێستی ئەمریکایان لەبارەی پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی هەبێ، چونکە ئێران بە ئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان مەترسی بۆ سەر هەموو جیهان دروست کردووە.
زیانە گیانییەکانی ئەمریکا
کاتێک لەبارەی زیادبوونی ژمارەی کوژراو و بریندارانی ئەمریکا لەم شەڕەدا پرسیاری لێکرا، مارکۆ روبیۆ وەڵامی دایەوە و گوتی: "هەر کاتێک لە ناوچەی شەڕدا بیت، مەترسی لەو شێوەیە هەیە."
جەنگی نێوان ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە 28-02-2026 دەستیپێکرد و بووەهۆی داخرانی تەنگەی هورمز، کە نزیکەی 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێ.
ئێستا واشنتن دەیەوێ رێگری لە هەژموونی تاران لەسەر رێڕۆ ئاوییەکان بکات و ئابووریی ئەو وڵاتە زیاتر لاواز بکات تاوەکو ناچار بە رێککەوتنێکی نوێ ببێت.



