رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. لە کاتێکدا شاندی یاوەری سەرۆکوەزیران لە کۆشکی سپی زیاتر رەهەندێکی ئابوورییان هەبوو، بەڵام لە پێنتاگۆن داوای پشتیوانیی سەربازی و دابینکردنی سیستمی بەرگری کرا.
دۆناڵد ترەمپ لە بەردەم "ئۆڤاڵ ئۆفیس" پێشوازی لە عەلی زەیدی کرد. لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا کە وەزیرانی دەرەوە و جەنگ ئەمریکا ئامادەیی بوون، شاندی عێراقی زیاتر لە کەسایەتیی سیاسی و بازرگانی پێکهاتبوون و هیچ بەرپرسێکی سەربازییان لەگەڵ نەبوو، ئەمەش وەکو پەیامێک لێکدرایەوە کە بەغدا لەم قۆناخەدا دەیەوێت سەرنجی زیاتر لەسەر پرسی بازرگانی و ئابووری بێت.
بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن لە بەشێکی کۆبوونەوەکە ئامادەبوو، پرسیاری لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد، چۆن هاوکاری حکومەتی عێراق دەبن لە چەککردنی گرووپە چەکدارەکان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش چۆن دەبینن؟
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بە چەککردنی گرووپە چەکدارەکان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، پشتیوانیی خۆی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتکردەوە و باسی لە دۆخی ناوچەکە کرد.
ترەمپ گوتی: "پێموایە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو کات یەکگرتووترە. ئێران چیتر وەکو پێشتر بەڵا و 'کەڵەگای' ناوچەکە نەماوە کە گوندەیی بەسەر عێراق و وڵاتانی دیکەدا دەکرد. ئێستا توانا سەربازییەکانیان لەنێوبراون و ئەو ترسە نەماوە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە "ناکرێت وڵاتێکی وەکو ئێران هەبێت و بیەوێت هێزی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت."
عەلی زەیدی: هەرێمی کوردستان بەشێکە لە جەستەی عێراق
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، ئەگەرچی ترەمپ راستەوخۆ وەڵامی پرسیارەکەی نەدایەوە، بەڵام عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "عێراق وەکو یەک جەستە وایە و هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو جەستەیە."
سەبارەت بە هۆکاری هەڵبژاردنی واشنتن وەکو وێستگەی یەکەمی سەردانەکەی، زەیدی گوتی: "من بارێکی قورسی ئابووریم بۆ جێماوە و وڵاتەکەم پێویستی بە هاوبەشێکی ستراتیژیی وەکو ئەمریکا هەیە. ئەم سەردانە تەنیا بۆ هاوسۆزی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی عەقڵانییە بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان."
داواکارییەکەی پێنتاگۆن و بەشداریی نوێنەری هەرێمی کوردستان
دوای کۆبوونەوەکەی کۆشکی سپی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چووە وەزارەتی جەنگ (پێنتاگۆن). بەپێچەوانەی کۆبوونەوەکەی یەکەم، لە پێنتاگۆن لیوا محەممەد وەکو نوێنەری هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە لە ناو شاندەکەدا ئامادە بوو.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەو کۆبوونەوەیەدا عێراق داوای پشتیوانیی سەربازی و کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی لە ئەمریکا کردووە. ئەم داواکارییە لە کاتێکدایە بڕیارە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا، ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی بێت.



