رووداو دیجیتاڵ
لە وەڵامی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە دۆخی پەناخوازانی عێراقی لە ئەڵمانیا، فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا (BAMF) نوێترین ئامار و وردەکاریی رەتکردنەوەی کەیسەکان، بڕیارەکانی دیپۆرتکردنەوە و ئاماری پەناخوازانی کوردی باشووری کوردستانی ئاشکرا کرد.
لیۆبا هێباوەر، گوتەبێژی نووسینگەی راگەیاندنی فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، 21 هەزار و 869 هاووڵاتیی عێراقی پابەندیی یاساییان لەسەرە ئەو وڵاتەی ئەورووپا جێبهێڵن.
بەپێی نووسینگەی کۆچی ئەڵمانیا، بڕیاری جێهێشتنی وڵات لەلایەن هاووڵاتییەکەوە بە مانای دیپۆرتکردنەوەی راستەوخۆ نایەت.
لە کۆی ئەو 21 هەزار و 869 هاووڵاتییە عێراقییە، 19 هەزار و 382 کەسیان بەپێی مادەی 60 لە یاسای نیشتەجێبوون مۆڵەتی راگرتنی کاتیی دیپۆرتکردنەوەیان پێدراوە، ئەوەش بەهۆی بوونی کێشەی تەندروستی یان دۆخی تایبەتی وەک ئەوەی لە پرۆگرامێکدا بەشدارییان کردبێت و هێشتا ماوەکەی تەواو نەبووبێ، لە کاتێکدا 2487 کەسیان ئەو مۆڵەتەیشیان پێنەدراوە و دۆسیەکانیان بۆ دیپۆرتکردنەوە لە دەستی فەرمانگەی بیانییانی هەرێمەکانە.
رەتکردنەوەی داواکارییەکان لە ساڵی 2026دا
لەبارەی کەیسە رەتکراوەکان لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، لیۆبا هێباوەر بە رووداوی راگەیاند، لە 1ی کانوونی دووەمەوە تاوەکو 31ی ئابی 2026، داواکاری بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەریی 2654 هاووڵاتیی عێراقی رەتکراوەتەوە.
فەرمانگەکە روونیکردەوە، بەهۆی مافی یاسایی تانەلێدان لە بڕیارەکان لە دادگا، ئەم رەتکردنەوەیە وەک "رەتکردنەوەی کۆتایی" هەژمار ناکرێ.
ئەم ئامارە لە کاتێکدایە، لە هەشت مانگی سەرەتای ساڵی 2025دا مانگانە 310 بۆ 638 داواکاریی پەناخوازانی عێراقی رەتکرابوونەوە، بە جۆرێک لە کانوونی دووەم 638 داواکاری رەتکراوە تۆمارکرابوون، لە شوبات 615 کەیسی تۆمارکراو، لە ئادار 636 کەیس، لە نیسان 475 کەیس، لە ئایار 617 کەیس، لە حوزەیران 610 کەیس، لە تەممووز496 کەیس و لە ئاب 310 کەیس.
ئاماری پەناخوازانی کوردی باشووری کوردستان لە ئەڵمانیا
بەپێی ئەو داتایەی فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا بۆ رووداوی ناردووە، لە 1ی کانوونی دووەم تاوەکو 31ی ئابی 2026، بە گشتی 1,937 هاونیشتمانیی باشووری کوردستان داواکاریی پەنابەرییان پێشکێش کردووە؛ لەو ژمارەیە، 1,319 کەسیان بۆ جاری یەکەم فۆرمی پەنابەرییان پڕکردووەتەوە و 618 کەسیشیان بۆ جاری دووەم داواکارییان نوێ کردووەتەوە (دوای ئەوەی کەیسی یەکەمیان رەتکرابووەوە یان داخرابوو).
ئەمە لە کاتێکدایە لە 2025دا کۆی داواکاریی پەناخوازانی کوردی باشووری کوردستان لەو وڵاتە 3,295 داواکاری بوو.
لە هەشت مانگی سەرەتای ساڵی 2026دا فەرمانگەی کۆچی ئەڵمانیا سەیری دۆسیەی 3,497 پەناخوازی کوردی باشووری کوردستانی تەواو کردووە و بڕیاری کۆتایی لەسەر داون و دۆسیەی 826 کەس پەسند کراوە. ساڵی رابردوو دۆسیەی 1553 کەس پەسندکرابوو.
لە هەشت مانگی سەرەتای 2026دا فەرمانگەی کۆچی ئەڵمانیا پێداچوونەوەی بۆ کەیسی زۆر کەمتر کردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بەڵام ژمارەی ئەو دۆسیانەش کەمبوونەتەوە کە رەت کراونەتەوە. بۆیە کاتێک 826 کەیسی پەسندکراو بەراورد دەکەیت بە کۆی بڕیارە دراوەکان (3,497 کەیس)، دەبینیت لە هەر 100 پەناخواز نزیکەی 24 کەسیان پەسندکراون، لە کاتێکدا ساڵی 2025 لە هەر 100 کەس تەنیا نزیکەی 17 کەس وەرگیراون.
ئەو مافەی دراوەتە کوردی باشووری کوردستان
ئەو 826 کەسەی لە ساڵی 2026 داواکارییەکەیان پەسند کراوە، بەسەر چوار جۆری پاراستنی یاساییدا دابەش بوون:
مافی پەنابەری بەپێی دەستوور (5 کەس): بەرزترین ئاستی پاراستنی سیاسییە لە دەستووری ئەڵمانیادا بۆ ئەو کەسانەیە کە دۆخی سیاسییان تایبەتییە.
مافی مانەوە بەپێی پەیماننامەى جنێڤ (465 کەس): پاراستنی نێودەوڵەتییە بەهۆی مەترسیی لەسەر ژیان لەسەر بنەمای نەتەوە، ئایین، بیروباوەڕی سیاسی یان ئەندامێتی لە گرووپێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراو. وەرگرتنی ئەم پێگەیە مۆڵەتی نیشتەجێبوونی سێ ساڵانە (کە دەکرێت ببێتە هەمیشەیی)، پاسپۆرتی شینی گەشتکردن، مافی تەواوی کارکردن، خوێندن، بردنی خێزان (هاوژین و منداڵ) و هاوکاریی کۆمەڵایەتی بۆ مسۆگەر دەکات. گرنگترین بنەمایشی ئەوەیە کە دیپۆرتکردنەوە و گەڕاندنەوەی زۆرەملێی هاووڵاتییەکە بۆ وڵاتی خۆی بە تەواوی لەلایەن یاساوە قەدەخە دەکرێ.
مافی پاراستنی لاوەکی (60 کەس): دەدرێتە ئەو کەسانەی کە ناکرێت بگەڕێندرێنەوە، چونکە لە وڵاتی خۆیان مەترسیی ئەشکەنجەدان و کوژرانیان لەسەرە. جیاوازیی سەرەکی لەگەڵ مافی مانەوە بەپێی پەیماننامەی جنێڤ بریتییە لەوەى مانەوە بە گوێرەی پەیماننامەی جنێڤ پاراستنێکی تەواوە بەرامبەر چەوسانەوە و راوەدوونانی تاکەکەسی، لە بەرامبەردا، پاراستنی لاوەکی پلە دووە و دەدرێتە ئەو کەسەی هەڕەشەی تایبەتیی لەسەر نییە بەڵکو لە مەترسییەکی گشتی وەک جەنگ و بۆردوومان هەڵاتووە، بۆیە سەرەتا تەنیا مانەوەی یەک ساڵی پێدەدرێ و پاسپۆرتی شینی پێنادرێ.
قەدەخەی دیپۆرتکردنەوە بەپێی مادەی 60 (296 کەس): نزمترین ئاستی پاراستنی یاساییە کە وەک پەنابەریی نێودەوڵەتی هەژمار ناکرێت. لەم دۆخەدا ئەڵمانیا داواکاریی پەنابەریی کەسەکە رەتدەکاتەوە، بەڵام لەبەر هۆکاری مرۆیی رێگری لە ناردنەوەی دەکات، ئەوەش کاتێک دەسەلمێندرێ کە پەناخوازەکە نەخۆشییەکی کوشندەی جەستەیی یان دەروونیی هەیە و لە کاتی گەڕانەوەیدا دەرمان و چارەسەری دەستناکەوێ و ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە، یانیش لە ئەگەری ناردنەوەیدا رووبەڕووی دۆخێکی مرۆیی یەکجار نالەباری وەک برسییەتی و نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی مانەوە دەبێتەوە.
کەیسە رەتکراوەکان و چارەنووسی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان
رەتکردنەوەی تەواوەتی: لە هەشت مانگی سەرەتای 2026دا داواکاریی 1,843 کوردی باشووری کوردستان بە فەرمی رەتکراوەتەوە.
داخستنی کەیسەکە: دۆسیەی 828 کەس بە هۆکاری کارگێڕی داخراون (وەک کشانەوەی داواکارییەکە لەلایەن کەسەکە، دیارنەمانی و رۆیشتنی بەرەو وڵاتێکی دیکە بەپێی رێککەوتننامەی دەبلین). بۆ بەراورد، لە تەواوی ساڵی 2025دا 4,802 کەیس بە یەکجاری رەتکرابوونەوە.) بەپێی یاسای دەبڵین، هەر پەناخوازێک لە وڵاتێکی دیکەی ئەورووپا (وەک یۆنان، بولگاریا یان کرواتیا) پەنجەمۆری لێوەرگیرابێت، ئەڵمانیا لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی ناکات و دۆسیەکەی دادەخات بۆ ئەوەی بیگەڕێنێتەوە بۆ ئەو وڵاتە. زۆرجاریش کاتێک پەناخوازەکە دەزانێت دەستبەجێ دەگەڕێندرێتەوە، خۆی کەمپەکە جێدەهێڵێت و بەرەو وڵاتێکی دیکە دەڕوات، بەمەش دۆسیەکەی بە فەرمی بە داخراوی دادەنرێ).
دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان: تاوەکو کۆتایی مانگی ئابی 2026، دۆسیەی 788 پەناخوازی کوردی باشوور لە نێو فەرمانگەی کۆچدا یەکلایی نەکراونەتەوە و لە قۆناخی لێکۆڵینەوە، چاوپێکەوتن و پێداچوونەوەدان.
لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بەوەی ئایا ئەڵمانیا بە چاوێکی جیاواز لە دۆسیەی پەناخوازانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت، فەرمانگەی کۆچی ئەڵمانیا گوتی: "پرۆسەی پێدانی مانەوە لە ئەڵمانیا تەواو تاکەکەسییە. ئەگەرچی شوێنی جوگرافی و دۆخی گشتیی ناوچەکە لەبەرچاو دەگیرێن، بەڵام جوگرافیا بە تەنیا بڕیاری کۆتایی دیاری ناکات، بەڵکو لە چاوپێکەوتندا بە وردی پشکنین بۆ ئەو بەڵگە و هەڕەشە راستەقینانە دەکرێ کە پەناخوازەکە دەیسەلمێنێت لە ئەگەری گەڕانەوەیدا لەسەر ژیانی دروست دەبن."
هاوکاریی دارایی بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە
فەرمانگەی کۆچی ئەڵمانیا راشیگەیاند، لە رێگەی بەرنامەی مرۆیی نێودەوڵەتیی (REAG/GARP)، پاڵپشتیی دارایی و لۆجستی پێشکێشی ئەو پەناخوازە کوردانە دەکەن کە بە ویستی خۆیان بڕیاری گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەدەن. لە رێگەی سەنتەرەکانی راوێژکاریی کۆچەوە، هاوکاریی تەواویان دەکرێت لە بڕینی بلیتی فڕۆکە، دابینکردنی خەرجیی سەرەتایی و دەرهێنانی بەڵگەنامەی فەرمیی گەشتکردن (پاسپۆرت یان مەنەفێست) لە باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکاندا.



