رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت کە چەند بڕیارێک لەبارەی ئێرانەوە دەدات و جەختیش دەکاتەوە کە ئەو وڵاتە ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی ئۆفیسی واشنتنی رووداو، سەبارەت بە کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمریکا لە کەمپ دەیڤد و نزیکبوونەوە لە دەرکردنی بڕیاری گەورە لەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ گوتی: "ئێمە چەند بڕیارێکمان هەیە کە سەبارەت بە ئێران دەریاندەکەم، ئێران داڕماوە".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە گرتنەبەری هەنگاوەکان روودەدات و تەنیا شێوازەکەی ماوەتەوە، لەو بارەیەوە گوتی: "تاکە پرسیار ئەوەیە ئایا بە رێگە ئاسانەکە دەبێت یان رێگە سەختەکە. ئەوە روودەدات، بە رێگە ئاسانەکە بێت یان سەختەکە".
سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانیش، ترەمپ بە توندی دووپاتی کردەوە کە "ئێران ناتوانێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت".
هاوکات بە رۆژنامەڤانانی گوت، "وەکو ئاگادارن، ئێران نزیکەی بە تەواوەتی دەستبەرداری پلانەکانی بووە بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی".




