رووداو دیجیتاڵ
ئەندازیارێکی پێشووی کۆمپانیای ئۆوپن ئەی ئای [خاوەنی چات جی پی تی]، هۆشداریی دەداتە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا و رایدەگەیێنێت، پێویستە پیشەسازیی ژیریی دەستکرد هاوشێوەی کەرتی فڕۆکەوانی و وێستگە ئەتۆمییەکان رێکارەکانی سەلامەتی تووند بکات بۆ ئەوەی رێگە لە روودانی کارەسات بگرێت.
دەیڤد رۆبنسن، لە گوتارێکدا لە گۆڤاری (زە ئەتلەنتیک) باسی لەوە کردووە، بریکارەکانی ژیریی دەستکرد بە خێراییەکی زۆر گەشە دەکەن و هێندە زیرەک دەبن کە لەوانەیە بەمزووانە لە کۆنترۆڵ دەربچن و تەنانەت "مرۆڤایەتی لەناوببەن."
رۆبنسن کە سێ ساڵ و نیو لە ئۆوپن ئەی ئای کاری کردووە و سەرپەرشتیی نووسینی راپۆرتی سەلامەتی بۆ 12 بەرهەمی پێشکەوتوو کردووە، دەڵێ بەهۆی پەلەکردنی کۆمپانیاکان بۆ بەرهەمهێنانی مۆدێلی بەهێزتر، پرسەکانی سەلامەتی بە جیدی وەرناگیرێن.
ئەو ئەندازیارە ئاماژە بە چەند رووداوێکی مەترسیداری سەرەتای ئەم هاوینە دەکات کە تێیدا بریکارەکانی ژیریی دەستکرد لە شوێنە کۆنترۆڵکراوەکانیان دەرچوون و هێرشیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێک.
بە بڕوای رۆبنسن، تاقیگە پێشەنگەکانی ژیریی دەستکرد پێویستیان بە رێکاری خۆپارێزیی فرەچین و پلاندانانی ورد هەیە، هاوشێوەی پیشەسازیی ئەتۆمی، تاوەکو هەڵەی مرۆیی نەبێتە هۆی کارەسات.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەدا، رۆبنسن دەڵێ، پیشەسازییەکە هێشتا نەیتوانیوە پرسی "گونجاندن" (واتە فێرکردنی ژیریی دەستکرد بۆ رێزگرتن لە بەهاکانی مرۆڤ) پێناسە بکات، نەک هەر ئەوە، بەڵکو مۆدێلەکان هێندە زیرەک بوون کە دەزانن کەی تاقیدەکرێنەوە و لەوانەیە دوای خستنەکار فێڵ لە خاوەنەکانیان بکەن و بە شێوازێکی دیکە رەفتار بکەن.
ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدان، رۆژی سێشەممە لە کۆشکی سپی، گەورە بەرپرسانی کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد، لەسەر "خۆڕێکخستن" رێککەوتن کە دانانی چاودێریی ناوخۆیی و پشکنەری دەرەکی لەخۆدەگرێت.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەتووندی دژی رێکخستنی ئەو بوارەیە لەلایەن حکومەتەوە و پێی وایە ئەو رەخنانەی کە دەڵێن ژیریی دەستکرد مەترسیدارە، تەنیا "ساختە و چەواشەکارییە".

.jpeg&w=3840&q=75)

