رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات، گرووپە جیهادییەکانی نەیجیریا بە شێوەیەکی "دامەزراوەیی" دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و ئەم تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە بۆ داڕشتنی ستراتیژیی جەنگ، گۆڕانکاری لە چەک و تەنانەت دروستکردنی بۆمبی بەهێز بەکاردەهێنن.
ئەنتۆنیا جۆلیچ، توێژەر لە زانکۆی کامبریج و ئامادەکاری توێژینەوەکە رایگەیاند، "بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە زۆر خێراتر، بەرفراوانتر و رێکخراوترە لەوەی ئێمە پێشتر بڕوامان پێی هەبوو."
بەگوێرەی توێژینەوەکە، گرووپە جیهادییەکانی وەک ویلایەتی ئیسلامی لە رۆژئاوای ئەفریقا و بۆکۆ حەرام، چیدی تەنیا بە شێوەیەکی تاکەکەسی سوود لە ژیریی دەستکرد وەرناگرن، بەڵکو بەشی تایبەتیان بۆ ئەم مەبەستە دروستکردووە و خولی مەشق و راهێنان بۆ چەکدارەکانیان دەکەنەوە تاوەکو فێری بەکارهێنانی چاتبۆتەکان بن.
"ژیریی دەستکرد پێی گوتین چ ماددەیەک بەکاربهێنین"
یەکێک لە مەترسیدارترین بەشەکانی ئەم توێژینەوەیە، پەیوەندیی بە دروستکردنی تەقەمەنییەوە هەیە. فەرماندەیەکی پێشووی گرووپی بۆکۆ حەرام بۆ توێژەرەکەی گێڕاوەتەوە کە چۆن ژیریی دەستکرد یارمەتیی داون جۆری بۆمبەکانیان پەرە پێبدەن. ئەو دەڵێت، "ژیریی دەستکرد پێی دەگوتین چ جۆرە ماددەیەکی کیمیایی تێکەڵ بکەین بۆئەوەی تەقینەوەکە بەهێزتر و قورستر بێت."
جگە لە بۆمب، چەکدارەکان بۆ تێپەڕاندنی بەربەستە سەربازییەکانیش سوودیان لە ژیریی دەستکرد وەرگرتووە. چەکدارێکی پێشووی ویلایەتی ئیسلامی لە رۆژئاوای ئەفریقا دەڵێت، کاتێک سوپای وڵاتەکەیان خەندەقی گەورەی بۆ بەرگری لێداون، ئەوان لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە فێربوون چۆن گۆڕانکاری لە ماتۆڕسکیلەکانیاندا بکەن تاوەکو بتوانن بەسەر خەندەق و بەربەستەکاندا باز بدەن.
توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، چەکدارەکان سوودیان لە بەناوبانگترین بەرنامەکانی ژیریی دەستکرد وەرگرتووە، لەوانە مێتا ئەی ئای، گرۆک، جیمینای، چاتجیپیتی، کڵاود و دیپسیک. ئەوان لە رێگەی ئەم بەرنامانەوە پرسیاری وردیان دەربارەی ئەو چەکە نوێیانە کردووە کە لە بەرەکانی جەنگدا دەستیان بەسەردا گرتوون، تاوەکو فێری شێوازی بەکارهێنانیان بن.
ئەم زانیارییانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا بەردەوام بەڵێنی ئەوە دەدەن کە "سیستەمی پاراستنی تووند"یان لە ناو بەرنامەکانیاندا داناوە تاوەکو رێگری بکەن لەوەی بۆ مەبەستی تاوانکاری و تووندوتیژی بەکاربهێنرێن.
شکستی سیستمی پاراستن
ئەنتۆنیا جۆلیچ دەڵێت، هەرچەندە پرسیارکردن دەربارەی چاککردنی ماتۆڕسکیل رەنگە کارێکی مەترسیدار نەبێت، بەڵام پرسیارکردن دەربارەی دروستکردنی بۆمب و تێکەڵکردنی ماددە کیمیاییەکان دەبێت لەلایەن بەرنامەکانەوە بلۆک بکرێن.
جۆلیچ دەڵێت، "من زۆر نیگەرانم لەو ئاراستەیەی کە گرووپە تیرۆریستییەکان گرتوویانەتەبەر، چونکە دیارە سیستەمەکانی پاراستنی ئەو بەرنامانە هێندە بەهێز نین کە رێگرییان لێ بکەن."
چی دەربارەی جەنگی جیهادییەکان لە نێجیریا دەزانیت؟
1. مێژووی جەنگ: نێجیریا کە قەرەباڵخترین وڵاتی ئەفریقایە، لە ساڵی 2009وە گیرۆدەی دەستی یاخیبوونی گرووپە تووندڕەوەکانە کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس.
2. پەرەسەندنی تەکنەلۆژی: گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە پێشتر لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پڕوپاگەندەیان بڵاودەکردەوە، دواتر فێری بەکارهێنانی درۆنی سادە بوون بۆ هێرشکردن، ئێستاش گەیشتوونەتە ئاستی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد.
3. مەترسییە جیهانییەکان: شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەزموونی جیهادییەکانی نێجیریا لە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد دەکرێت بە خێرایی بۆ گرووپە تووندڕەوەکانی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا بگوازرێتەوە، ئەمەش ئاڵنگارییەکی گەورە بۆ دەزگا ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان دروست دەکات.



